مونا قەهوەچی: خۆمان بۆ خراپترین سیناریۆ و ئەگەر ئامادەکردووە

سکرتێری پێشووی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" وەک پێکهاتەی تورکمان گەشبین نین کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندی ئێمە دەربچێت و خۆشمان بۆ خراپترین سیناریۆ و ئەگەر ئامادە کردووە". 

مونا قەهوەچی سکرتێری پێشووی پەرلەمانی کەوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" ئەم چاوەڕوانیە باش نییە و دڵەڕاوکێ لە لای خەڵک دروست دەبێت، خوازیارین لە ١١ی ٢ بڕیارەکە یەکلاکەرەوە بێت، بۆئەوەی هەڵبژاردن چیتر دوانەخرێت، چونکە دواخستن بە مانای لاوازکردنی قەوارەی هەرێم و لێدانە لە دەستکەوتەکانی هەرێم". 

وتیشی" لە کاتی پێشکەشکردنی ئەم سکاڵایە هەر لە سەرەتاوە بۆ سیناریۆ خراپەکە خۆمان ئامادەکردووە، چاوەڕێ نین بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لە بەرژەوەندی پێکهاتەکەمان دەربچێت، چونکە بڕیارەکە حەوت جار دواخرا، بۆیە گەشبین نیم کە لە بەرژەوەندی پێکهاتەکان بێت، ئەوەی گەشبینم ئەوەیە کە چیتر هەڵبژاردن دوا نەکەوێت". 

مونا قەهوەچی دەشڵێت" لە ٧ی ٧ وادەی یاسایی کۆمسیۆنی عێراق تەواو دەبێت، ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت دەکەوینە ژێر مەترسیەکی گەورە، بۆیە هەموولایەنە سیاسیەکان دەبێت بە بەرپرسیارێتیەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و واز لە بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی بهێنن". 

هەروەها ڕایشیگەیاند" دەبێت بە لایەنەکان هاوکاربن بۆئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن بدات، چونکە تەنها لە بەرژەوەندی لایەنێک نییە و لە بەرژەوەندی هەموو لایەنە سیاسیەکانە". 

بڕیار بوو ئەمڕۆ یەکشەممە دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیار لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم بدات، بەڵام بۆ جاری حەوتەم دادگای فیدڕاڵی ماوەی بڕیاردانەکەی بۆ ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە درێژکردەوە.


PM:08:31:04/02/2024