ئەندامێكی وەفدەكەی پەرلەمان: كۆبانی پێویستی بە چەك‌و بۆردومانی زیاترە

‌كۆبانی

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، عەبدولڕەحمان فارس رایگەیاند كە ئەمرۆ پاش هەوڵێكی زۆر لەگەڵ دەسەڵاتدارانی توركیادا، بۆ ماوەی كاتژمێر‌و نیوێك سەردانی كۆبانیمان كرد‌و چووینە ناوشارەكەوە.

عەبدولڕەحمان فارس، ناسراو بە ئەبو كاروان لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ سپی میدیا رایگەیاند: شەڕەكە لەكۆبانی زۆر قورسە‌و هەموو بەرپرسانی كۆبانی بە سەربازیی‌و مەدەنییەكانەوە سەرقاڵی شەڕ‌و دابینكردنی پێدوایستیەكانی شەڕەكەن.

ئەو ئەندامەی وەفدەكەی پەرلەمان كە سەردانی كۆبانییان كردوە وتیشی: لەدیدارەكانماندا گەیشتینە ئەو راستییەكە كە شەڕڤانانی یەپەگە‌و یەپەژە، پێش هەر شتێكی دیكە پێویستیان بە چەك‌و تەقەمەنییە، چونكە چەك‌و تەقەمەنییان لەئاستی پێویستدا نیە‌و بە بەراورد بە چەكدارانی داعش، هاوكێشەكە زۆر ناهاوسەنگە.

ئەبوكاروان  جەختی لەسەر ئەوەش كردوە كە ئەگەرچی فرۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا‌و هاوپەیمانەكانی بەردەوامن لە بۆردومانكردنی بنكەكانی داعش، بەڵام لەئاستی پێوستدا نیە‌و بۆ تێكشاندنی داعش پێویست بە گورزی ئاسمانی زیاتر هەیە.



PM:04:40:09/10/2014