سەرباری بایکۆت شکاندن لەچەند ناوەندی خوێندن، خۆپیشاندان بەردەوامە

ئەمڕۆ یەک شەممە ١١ی شوبات جارێکی تر مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی چەند شارو شارۆچکە دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە چەندان ناوەندی خوێندن بایکۆتیان شکاندووەو خوێندکاران و مامۆستایان چوونەتەوە پۆلەکانیی خوێندن.

پەیامنێری سلێمانی ماڵپەڕی ( سپی ) ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هەرچەندە ژمارەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بەراورد بە هەفتەکانی پێشوو کەمترە، بەلآم ئەوانەی لەسەر شەقامن لە لێدوان و دروشمەکانیاندا جەخت لەسەر سووربوون لەسەر خۆپیشاندان و بایکۆتکردن دەکەنەوە و، چەندان دروشم دژی حکومەتی هەرێم دەڵێنەوە.

وەزارەتی پەروەردە بە فشاری جۆراو جۆر و سزاو دەیەوێت مامۆستایانی ناڕازی بگەڕێنێتەوە پۆلەکانی خوێندن، بەلآم ژمارەیەکی بەرچاویان سوورن لەسەر بەردەوامی لە بایکۆتکردن.

ماوەی پێنج مانگە لە ناوچەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و کۆیە مامۆستایانی ناڕازی بایکۆتیان راگەیاندووەو سوورن لەسەر داواکارییەکانیان کە سەرەکیترینیان پێداگرتنە لەسەر پێدانی مووچە لە کاتی خۆیداو دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و کردنیان بە مامۆستای هەمیشەیی.



AM:11:00:11/02/2024