بەهمەنی قوبادی نامەیەك بۆ داودئۆغلۆ دەنێرێت

رووداو

سینەماكاری كورد بەهمەنی قوبادی نامەیەكی كراوە سەبارەت بە رووداوەكانی كۆبانێ بۆ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆكوەزیرانی توركیا دەنێرێت.
لە بەشێكی نامەكەدا كە وێنەیەكی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە، قوبادی هۆشداری دەداتە وڵاتی توركیا و لە ئەگەری روودانی هەر كارەساتێك بە بەرپرسیاری دەزانێت،" داهاتووی سیاسی ئێوە لەم ساتەوەختەدا دەخرێتە بەرباس و لێكۆڵینەوە، لە بیرتان نەچێت ئەگەری درەنگی ئێوە لە یارمەتیدانی كوردانی كۆبانێ دەرئەنجامی تاڵ و قەرەبوونەكراوەی بە شوێنەوە بێت، نە تەنیا لە پێش چاوی خەڵكی دنیادا بەرپرس دەبن، بەڵكو جگە لە كوردانی توركیا و سەرتاسەری جیهان، بە خەڵكی مرۆڤدۆستی وڵاتەكەشتان كە لەگەڵ كورداندا پەیوەندییەكی ئینسانی و برایانەیان بەدەر لە سنوورە ساختە و جوگرافییەكاندا هەیە".

قوبادی داوای هاوكاری و پاڵپشتی وڵاتی توركیا دەكات و لەگەڵ ئەوەشدا پرسیاردەكات، "هێزەكانی ئێوە چاوەڕێی چین؟ چاوەڕێی جینۆسایدی تەواوی پیاوانی كوردی كۆبانێ و بە دیلگرتنی ژنانی ئەم شارەن؟".

دەقەی نامەكەی بەهمەن قوبادی بۆ ئەحمەد داوودئۆغڵۆ

ئەحمەد داوودئۆغڵۆ 
سەرۆك وەزیرانی بەڕێزی دەوڵەتی توركیا

لە چەند شەقاو نزیك سنوورەكانی وڵاتی ئێوەدا، یەكێك لە گرینگترین و مێژووییترین كارەساتەكانی ئەم دەیەی ڕابردوو خەریكە ڕوودەدات. ڕووداوگەلێك كە هاوكات بووە لەگەڵ دەستپێكردنی چالاكییەكانی ئێوە وەكوو سەرۆكی دەوڵەتی توركیا و هەڵە نابێت ئەگەر بڵێین كە داهاتووی سیاسی ئێوەش بێ شك بەم ڕووداوەوە گرێدراوە.

بێ گومان، گرینگی ئەم ڕووداوە لە چارەنووسی سیاسی وڵاتی توركیا و كەسایەتیی ئێوەدایە كە بەڕێزتانی هاندا چەند ڕۆژ پێش ئێستا، بە فەرمی ڕایبگەیەنن دەوڵەتی توركیا بە هیچ شێوەیەك ئیزن نادات كە شاری كۆبانی بكەوێتە دەستی داعیشەوە.

بەڵێی، باس لەسەر كۆبانی و كوردە بێتاوانەكانی ئەوێیە و ڕێك لەم كاتەدا كە من ئەم نامەیە بۆ ئێوە دەنووسم، دەیان كەس لە پیاوان و ژنانی كورد، سەربەرزیی و گیانی خۆیان ناوەتە لەپی دەستیانەوە و خەریكی داكۆكیكردنن لە مەتر مەتری خاكیی كۆبانی.

بەڕێز داوودئۆغڵۆ  

لەو كاتەدا كە داعیش بە كردەوەی نامرۆڤانەوە پێی خستۆتە سەر گەرووی كۆبانییەوە و بە دڵڕەقیی تەواوەوە دەیەوێت كە ئەوێی بكاتە كۆگایەك لە خاك و خۆڵ و خەڵكەكەی كوشتوبڕ بكات، و ئەم خەڵكە بۆ داكۆكیكردن لە خۆیان و شارەكەیان پێویستیان بە یارمەتیی نیزامی هەیە، هێزە نیزامییەكانی ئێوە لە چەند شەقام نزیك شاری بێتاوانی كۆبانی، بە كەرەستە و پێداویستیی تەواوەوە تەنیا چاو لە ڕووداوەكە دەكەن. 

لەبیرتان نەچێت پەیهاتەی ڕووخانی كۆبانی بە دەستی داعیش، زیاتر لەو شتەیە كە بتوانرێت مەزندە بكرێت و بێگومان كاریگەری بەسەر ناوچەكە و وڵاتی توركیاش زۆر بەربڵاوتر دەبێت. كەواتە هێزەكانی ئێوە چاوەڕێی چین؟ چاوەڕێی ژینۆسایدی تەواوی پیاوانی كوردی كۆبانی و بە دیل گرتنی ژنانی ئەم شارەن، تا لە كۆتایی هاتنی ئەم شەڕە و تەقاندنیی چەند فیشەكێك بلێین كە تەواوی هەوڵی خۆتاندا؟! داهاتووی سیاسی ئێوە لەم ساتە وەختەی ئێستادا دەخرێتە بەر باس و لێكۆڵینەوەوە. لە بیرتان نەچێت ئەگەر درەنگی ئێوە لە یارمەتیدانی كوردانی كۆبانی دەرئەنجامی تاڵ و قەرەبوونەكراوەی بە شوێنەوە بێت، نە تەنیا لە پێش چاوی خەڵكی دنیادا بەرپرس دەبن، بەڵكوو بێجگە لە كوردانی توركیا و سەرتاسەری جیهان، بە خەڵكی مرۆڤدۆستی وڵاتەكەشتان، كە لەگەڵ كوردەكاندا پەیوەندییەكی ئینسانی و برایانەیان بەدەر لە سنوورە ساختە و جوگرافییەكاندا هەیە، دەبێت وڵامدەر بن.

بێگومان ئەم ڕۆحییە جوامێرانە و داكۆكی لە ڕەگەزە نەتەوایەتییە هاوبەشەكان، لە ئێوەش و لە نەتەوەی توركیشدا بوونی هەیە. هەر بەم هۆیەوە، لەوباوەڕەدام كە بایەخی ئەم یەكێتیی ئەخلاقی و ئینسانییە بە باشی هەستی پێدەكەن. لەبیرتان نەچێت، كوردەكان مومكینە لە لایەنی جوگرافییەوە نیشتمانێكی یەكپارچە و هاوبەشیان نەبێت و لە یەكتری دوور كەوتبێتنەوە، بەڵام تەنیا یەك ڕۆحن كە هەر بەشێكی لە شوێنێك بەجێیماوە. 

كوردەكانی كۆبانی مرۆڤن و سەد هەڵبەت دراوسێشتانن. چارەنووسی ئەوان لە ئێوە و ئەوانی دیكە و داهاتوو جوێی نییە. یارمەتیدانی كۆبانی یارمەتیدانی هەموو مرۆڤایەتییە و سەد هەڵبەت یارمەتیدانی خۆشتانە. چونكە لە سبەینێیەكدا كە زۆر دوور نییە و وڵاتی سەربەخۆ و تایبەت بە نەتەوەی كورد لە ژێر ئەم زام و ئێش و ئاور و خۆڵەمێشەدا سەرهەڵدەدات، خەڵكانی زامدار و یارمەتیدەر و یارمەتینەدراو، لە بیریاندەمێنێت كە چ كەسێك زیاتر لە هەمووان ساڕێژی برینەكانیانی دەكرد و داكۆكی لێدەكردن و چ كەسێك لەجیاتی یارمەتی تەنیا ڕییای كردووە. ئێستا بۆ هەمووی ئێمە كاتی كردەوە و نیشاندانی ئەو نییەتانەیە كە سەبارەت بەوان قسەكراوە. 

كاتژمێرێكی دیكە مومكینە بۆ هەمووان درەنگ بێت. ئەگەر تەنانەت ڕێزەیەك خەم لە دڵتان جێی خۆی كردۆتەوە، لەم هەمووە زامەی كە بەسەر جەستەی دەردەداری خەڵكانی بێتاوانی كورددا هاتووە، لانی كەم سنوورەكانتان بكەنەوە تا كوردانی بێئوقرەی نیشتمانەكەت تەنانەت بە دەستی بەتاڵیشەوە كە بكرێت خۆیان بگەیێنە كۆبانی تا دیسانەوە بۆ چەند هەزارەمین جار بە درێژایی مێژوو، شەڕەف و سەربەرزیی كورد لە داكۆكیكردنی بست بە بستی ئەو خاكەی كە تێدا ژیانی بەسەر دەبەن، بە خەڵكانی جیهان نیشان بدەن. 

بەڕێز ئەحمەد داوودئۆغڵۆ
سبەی مومكینە زۆر درەنگ بێت. هەم بۆ كۆبانی و هەمیش بۆ ئێوە و بۆ جیهان. 

بەهمەن قوبادی



AM:11:44:10/10/2014