بافڵ تاڵەبانی: هەر لێپرسراوێک ناونیشانەكەی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەكاربهێنێت لێپێچینەوەی توندی لەگەڵ دەكەین

سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند"ھەر لێپرسراوێکی حزبی ناونیشانەکەی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەکاربھێنێت لێپێچینەوەی توندی لەگەڵ دەکەین".

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە دەباشان لەگەڵ لێپرسراوی مەڵبەندەکانی یەکێتی کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، تیشک خرایە سەر راپۆرتێك لەبارەی راسپاردە و پێشنیارەكانی دووەمین كۆنفرانسی مەكتەبی رێكخستن خستەڕوو و شێوازی رێكخستنەوەی ئۆرگانەكانی روونكردەوە.

بافڵ تاڵەبانی ستایشی رێكخستنەكانی یەكێتیی كرد بۆ بەجێگەیاندنی ئەركە حزبییەكان و وتی" بەرپرسیارێتیی هەموو یەكێتییەكانە لە هەر پلە و پایەیەكدا بن كار بۆ خزمەتی كوردستان و بەدیهێنانی ئامانجە باڵاكان بكەن".

بافڵ تاڵەبانی راشیگەیاند" یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرپرسیارە لە ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان، بۆیە دەبێت سەرجەم ئۆرگانەكان لەخزمەت خەڵك و گەیاندنی داواكارییەكانیاندا بن".

ئاماژەی بەوەشدا، پاراستنی ژیانی خەڵك و ئارامیی كوردستان بۆ ئێمە لەهەموو شتێك پیرۆزترە، بۆیە جارێكیتر دووپاتی دەكەینەوە هەر لێپرسراوێک لە هەر بەرپرسیارێتییەكی حزبی، حكومی و ئەمنیدا بێت و ناونیشانەكەی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەكاربهێنێت، لێپێچینەوەی توندی لەگەڵ دەكەین و رادەستی یاسای دەكەین.

سەرۆکی یەکێتی وتیشی" دەستدرێژیكردنە سەر خەڵك و مافەكانیان هێڵی سوورە و یاساشكێنی قبووڵكراو نییە، بۆیە ئەركی هەموو یەكێتییەكە پارێزەری ژیان و گوزەرانی خەڵك بێت و هەموو هەوڵێكیان لەپێناو چاكەی گشتیدا بێت".


PM:08:53:13/02/2024