کەشناسی هەرێم: بارانبارین ده‌ستپێده‌كات

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕەوشی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و دەڵێت" لە هەندێک ناوچە ئه‌گه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاو هه‌یه‌ و پله‌كانی گه‌رماش دادەبەزن". 

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی باران لە کاتەکانی نیوەرۆ بەشێوەی نمە باران سەرەتا لە سنوری پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات پاشان تەواوى ناوچەکانى هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە، لە کاتەکانى ئێوارەدا رێژەی دابارینەکە کەمێک زیاتر دەبێت بۆ بارانى مام ناوەند، لە درەنگانى شەودا رێژەى دابارینەکە زیاتر دەبێت و بارانی بەخوڕ دەبێت و هەندێ جار هەورە تریشقەى لەگەڵدا دەبێت بە تایبەتى لە باکوور و رۆژهەڵاتى  سنوورى پارێزگاى دهۆک و هەولێر، ئەگەرى بەرزبوونەوەى ئاستی ئاو هەیە لە هەندێ شوێندا، هاوکات خێرای با (١٠ – ٢٠)کم دەبێت و مەودای بینین (٨ – ١٠)کم دەبێت، پلەکانی گەرماش دوو تا چوار پلە دادەبەزن. 

ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ ئاسمان هەورى باراناوى دەبێت لە زۆربەى کاتەکاندا، رێژەى دابارین لە هەندێ کاتدا زیاد دەبێت و لە هەندێ شوێن بۆ بارانی بە لێزمە و هەورە تریشقەشی لەگەڵ دا دەبێت، لە ناوچەکانى گەرمیان بارانەکە بە خوڕ دەبێت و ئەگەرى بەرزبوونەوەى ئاستی ئاو هەیە لە هەندێ ناوچەدا، هەروەها خێرای با (١٠ – ٢٥)کم دەبێت و مەودای بینین (٧ – ٩) کم دەبێت، پلەکانی گەرماش (یەک تا سێ) پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە.


AM:11:23:14/02/2024