کەشناسێک: پلەکانی گەرما دادەبەزن و بەفر و باران بەڕێوەیە

شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاماژە بەوەدەکات کە تا رۆژی شەممەی داهاتوو ناوبەناو باران دەبارێت و لە ئێوارەی رۆژی شەممە پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و باران و بەفر دەبارێت.

شارەزای بواری کەشناسی ئاراس جەبار رایگەیاند" سەرەتا بەھۆی کاریگەری بەردەوامی ھاتنی بارستە ھەوای لاوازی شێدار لەدەریای ناوەراستەوە ناوبەناو بارانی کەم و مامناوەند تا ئێوارەی شەمەی داھاتوو ٢٤ی مانگ  بەردەوامی ئەبێت لە شوێن وناوچەی جیاجیادا و پلەکانی گەرما لەرۆژانی داھاتوو بەرزبوونەوەی کەم بەرێژەی ٢ تا ٣ پلە بەخۆیەوە ئەبینێت ، خێرای با لەو ماوەیەدا لەسەرخۆ ئەبێت" .

ئاراس جەبار دەلێت" لە ئێوارەی رۆژی شەمەوە ٢٤ی مانگەوە کاریگەری بەرزەپاڵەپەستۆی سیبیریا چالاک ئەبێت بۆ سەر زۆربەی ناوچەکانی وڵاتی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان شەپۆلێکی بەفر بارین و بارستە ھەوایەکی وشک و ساردی بەھێز ئەو ناوچانە دەگرێتەوە پلەکانی گەرما بەرێژەیەکی بەرچاو نزمدەبنەوە و کاریگەری ئەبێت لەسەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانیش بە تایبەت ناوچە سنوریەکان و شاخاویەکانی رۆژھەڵات و باکوری رۆژھەڵاتی ھەرێم بە نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بەتایبەت لەشەواندا و ھەستکردن بەسەرمایەکی زۆر و ھەروەھا ھەڵکردن و چالاکبوونی بای باکوری رۆژھەڵات لەناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای ھەولێر بەخێرای ١٥کم تا ھەندێک کات بۆ زیاتر لە ٤٠ کم لە کاتژمێرێکدا و کاریگەری ئەم شەپۆلە تا ٢٧ی مانگ بەردەوامی ئەبێت".

ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی ئەوەشی خستەڕوو"  سەبارەت بە بارانبارین رۆژی شەمە ٢٤ی مانگ نزمەپاڵەپەستۆیەکی لاوازی دەریای سوور کاریگەری ئەبێت لەسەر ناوچەکانی باکوری سعودیە و باشوری عێراق لەو ناوچانەدا کەش ناسەقامگیر ئەبێت و ئەگەری چالاکبوونی ھەورە بروسکە و لێزمە باران و تەرزە ئەبێت ئەم حاڵەتە کورت خایانە کاریگەری نابێت لەسەر کەشی ناوچەکانی دیکەی عێراق و وە ھەرێمی کوردستان ."

ئاراس جەبار راشیگەیاند'' بەگشتی لە ٢٧ و ٢٨ ی مانگەوە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەپۆلەکانی بەفر و بارانبارین بە مامناوەندی ئەبێت بۆ سەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بە کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست کە بارانەکان زیاتر زستانەیی ئەبێت و کەش سارد ئەبێت لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاویەکان".




PM:08:39:20/02/2024