و‌ێنە.. هونه‌رمه‌ندێكی ناوداری لوبنانی كۆچی دوایی كرد

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٤ ئه‌ستێره‌ی‌ دیاری سینه‌مای لوبنان فادی ئیبراهیم، دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد. 

فادی ئیبراهیم سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، بەهۆی لە كاركەوتنی گورچیلەكانی و تووشبونی بە نەخۆشی شەكرە كۆچی دوایی كرد كە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ لە نەخۆشخانە چارەسەری وەردەگرت.

فادی ئیبراهیم تەمەنی (٦٨) ساڵە، خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە بە ناوەکانی (ستیفان و عومەر)، شانۆكار و ئەكتەرێکی ناسراوی لوبنانە، لە ساڵی (١٩٧٩)وە لە كاری هونەریدا دەركەوتووە. 

هەروەها فادی ئیبراهیم بەشداری لە کۆمەڵێک بەرهەمی هونەریدا کردووە کە لە ڕێگەیانەوە سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە و سەرسامی هەوادارانی بەدەستهێناوە، لەوانە (ئەلئەمین و المعمون، ئەسمەهان، دەروازەی دووەم)، نوێترین کاریشی بەشداریکردنی بوو لە فیلمی (Lost Time) کە لە ساڵی (٢٠٢٢)دا نمایشکرا.

جگە لە نواندن، وەک وەرگێڕ بۆ فیلمە دیکۆمێنتاریەکان بۆ تەلەفزیۆنی لوبنان کاریکردووە، هەروەها وەک ماکیاژ کاریکردووە و گەشتی کردووە بۆ بەرلین بۆ بەشداریکردن لە خولی جوانکاری بۆ کەسانی پیشەگەر.


AM:12:06:27/02/2024