لە بازگەی هیران رێگری لە تیمی رادیۆی دەنگی ئەمریكا کرا

دوێنێ دووشەممە بۆماوەی دوو کاتژمێر لە بازگەی (هیران - شەقڵاوە)، رێگریان لە تیمی ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا کرد و ڕێگەیان نەدا بە كەرەستەی رۆژنامەوانییەوە بە بازگەكەدا تێپەڕن.

لەوبارەیەوە دیار جەمال پەیامنێری دەنگی ئەمریكا، بە سەنتەری میترۆی راگەیاندووە" دوێنێ نزیكەی دوو كاتژمێر لە بازگەی هیران، رێگریان لێكراوە لەوەی بە كەرەستەی رۆژنامەوانییەوە بە بازگەكە تێپەڕن". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بازگەكە كە زانیویانە تیمی رۆژنامەوانین، لێكۆڵینەوەیەكی وردیان لەگەڵكردوون و زۆر زانیاری كەسی و تایبەتییان لێكردوون. 

دیار جەمالئەوەشی خستەڕوو، پێیان وتون یان بە بێ كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانتان تێدەپەڕن یان خۆتان و كەلوپەلەكانتان بگەڕێنەوە شوێنی خۆتان.

هەروەها لای خۆشیەوە سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنوسان ڕایگەیاندووە" رێگری لە تیمی رادیۆی دەنگی ئەمریكا لە بازگەی (هیران - شەقڵاوە)، بێڕێزییە بەرامبەر كاری تیمەكانی راگەیاندن و رەتیدەكەینەوە، داوا لە وەزیری ناوخۆ دەكەین لێكۆڵینەوە لەو رووداوە بكات". 


PM:12:34:27/02/2024