كەمێك لەمەوبەر، ئاگرێكی گەورە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر كەوتەوە و تیمەكانی بەرگری شارستانی لە هەوڵی كۆنتڕۆڵ كردنی ئاگرەكەدان.
بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان ئاگرەکە لە ناوەڕاستی بازاڕەکەیە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە داوای هاوکارییان لە تیمەکانی دیکە کردووە بەهۆی گەورەیی قەبارەی ئاگرەکە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی سووتان بەهۆی ئاگرەکەوە تۆمارنەکراوە و تەنیا بەهۆی تەنگەنەفەسییەوە دوو کەس گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات و چارەسەری پزیشکی پێویستیان بۆ دەکرێت.
لەمبارەیەوە کاروان میراودەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاند" لەسەدا ١٥ بۆ ٢٠ی بازاڕی لەنگەی هەولێر سووتاوە".
بازاڕی لەنگەی هەولێر كەوتۆتە نێوان شەقامی ١٠٠ مەتری و شەقامی ٤٠ مەتری هەولێرو ئەوە یەکەمجار نییە رووداوی ئاگرکەوتنەوە تێیدا روودەدات.