بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە سنووری قەزای قەرەداغ، بەهۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ پشووی فەرمی راگەیەندرا.
قائیمقامیەتی قەرەداغ لە ئاگادارییەکدا رایگەیاندووە" بەهۆی بەفربارینەوە لە سنووری قەزاکەمان و دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە سەرجەم فەرمانگە و قوتابخانەکانی سنوورەکەمان کرایە پشووی فەرمی".
هەروەها لای خۆشیەوە قائیمقامیەتی شارباژێڕ له راگهیهندراوێكدا بڵاویکردەوە" بەهۆی بارینی بەفر و دابەزینی پلەکانی گەرما و بەستنی شەقامی سەرەکی شارباژێڕ لە دیوی سلێمانی و سیتەک ئاستەنگ بۆ شۆفێران دروست بووە و لە ئێستادا تەنها ئۆتۆمبێلبی دەبڵ ئەکسل دەتوانێت هاتوچۆ بکات و تیمەکان سەرقاڵی پاکردنەوەی شەقامەکانن و لە ئێستادا شەقامی هەواری شار بۆ تونێلی پێشڕەو داخراوە، ئەو شۆفێر و فەرمانبەرانەی کە ئۆتۆمبێلی بەرزیان پێنییە واتا (دەبڵ ئەکسل) هاتوچۆ نەکەن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو فەرمانبەرانەی ناتوانن هاتوچۆ بکەن، بە مۆڵەت بۆیان هەژمار دەکرێت.
لە درەنگانی شەوی ڕابردووەوە شەپۆلێکی بەفر و کڕێوە سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری گرتوەتەوە کە بەهۆیەوە لە چەند ناوچەیەک ئاستەنگی هاتووچۆ دروستبووە.