لە سەرانسەری جیهاندا یەک ملیار کەس بە دەست قەڵەویەوە دەناڵێنن

لەگەڵ نزیک بوونەوە لە ڕۆژی جیهانی قەڵەویدا کە دەکەوێتە ٤ی ئازاری هەموو ساڵێکەوە، توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات کە یەک ملیار کەس لە جیهاندا بە منداڵ و هەرزەکارەوە بە دەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن. 

توێژینەوەکە لەلایەن گۆڤاری زانستی بەریتانی (The Lancet) بڵاوکراوەتەوە و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەشداریکردووە، ئاماژەی بەوەکردووە، ڕێژەی قەڵەوی لەنێو گەورەکاندا لە جیهاندا لە نێوان ساڵانی (١٩٩٠ بۆ ٢٠٢٢) زیاتر لە دوو هێندە زیادیکردووە، هەروەها لە نێوان منداڵان و هەرزەکارانی تەمەن (٥ بۆ ١٩) ساڵیدا چوار هێندە زیادیکردووە. 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ساڵی (٢٠٢٢)دا زیاتر لە (٨٧٩) ملیۆن كەسی پێگەیشتوو لەگەڵ (١٥٩) ملیۆن منداڵ لە سەرتاسەری جیهان بە دەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن.

ژمارەی ئەو منداڵ و هەرزەکارانەی تووشی ئەم نەخۆشییە بوون لە ماوەی (٣٠) ساڵدا زیادیکردووە لە ٣١ ملیۆن لە ساڵی ١٩٩٠ بۆ نزیکەی ١٦٠ ملیۆن لە ساڵی ٢٠٢٢ کە ٩٤ ملیۆن کوڕ و ٦٥ ملیۆن کچن.

لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە ڕێژەی قەڵەوی لە هەندێک وڵاتی کەم یان مامناوەندی داهات بە تایبەتی لە (پۆلینیزیا، میکرۆنیزیا، کاریبی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا)، زیاترە لەوەی کە لە زۆرێک لە وڵاتانی پیشەسازیدا تۆمارکراون، بەتایبەتی لە ئەوروپا.


PM:02:21:02/03/2024