سەعدی پیرە: یەكێتی لە سكاڵاكەیدا داوای هەڵوەشانەوەی كورسی پێكهاتەكانی نەكردووە

تەبێژی یەكێتی ڕەخنە لە بێ‌ هەڵوێستی هەندێك لایەن دەگرێت لەناو پەرلەمان و دەڵێت"  لە ناو پەرلەمانی عێراق زۆر بێشەرمانە و خراپ باسی پێشمەرگەی كوردستان دەكرێت"، و جەختیشدەكاتەوە، پێویستە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان ئاسایی بكەینەوە، كە ئەوە هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەكات.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند" لە ناو پەرلەمانی عێراق زۆر بێشەرمانە و خراپ باسی پێشمەرگەی كوردستان دەكرێت، لەكاتێكدا پێشمەرگە هەوێنی ڕزگاركردنی شارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش بووە".

ڕاشیگەیاند" بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بەهۆی ناكۆكی و ململانێی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانەوە بوو، و یەكێتی لە سكاڵاكەیدا داوای هەڵوەشانەوەی كورسی پێكهاتەكانی نەكردووە، بەڵكو ئەوە تێگەیشتنی یاسایی و دەستووری بوو ئەو بڕیارەیداوە".

وتیشی" وەك بافڵ تاڵەبانی وتی: پێویستە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان ئاسایی بكەینەوە، كە ئەوە هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەكات".

وتەبێژی یەكێتی ئاشكراشی كرد، بەم نزیكانە لەسەر هەڵبژاردن و چەند پرسێكی تریش لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆدەبینەوە و قسە لەسەر چارەسەری كێشەكان دەكەین.

سەبارەت بە دۆخی كەركوك، سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەكرد، لەگەڵ پارتی بڕیارێکی هاوبەشمان هەیە، کە دەڵێین دەبێت پارێزگاری کەرکوک کورد بێت و لەگەڵ پارتی بە لایەنە عەرەب و تورکمانەکانمان وتووە" ئەگەر هەر ١٦ کورسییەکەی کەرکوک هی کورد بێت، بەبێ ئەوان حکومەتی خۆجێیی پێکناهێنین".


PM:05:21:04/03/2024