"شێرپەنجەی کۆڵۆن ڕووى لە زیادبوون کردووە"

پسپۆڕێکی نەخۆشیەکانى هەرس و جگەر ڕایدەگەیەنێت" شێرپەنجەی کۆڵۆن لەسەر ئاستی جیهان و لەسەر ئاستی وڵاتەکەشمان ڕووی لە زیادبوون کردووە کە ڕۆژانە ڕێژەیەکی بەرچاوی هاوڵاتیان تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن". 

د. هیوا ئەبوبەکر پسپۆڕى نەخۆشیەکانى هەرس و جگەر، لە نووسینێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاندووە" شێرپەنجەی کۆڵۆن لەسەر ئاستی جیهان و لەسەر ئاستی وڵاتەکەشمان ڕوو لە زیادبوونە، بەداخەوە ڕێژەیەکی بەرچاوی هاوڵاتیان ڕۆژانە تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن". 

ئاماژە بەوەش دەکات، هـاوڵاتیان ئەگەر دەیانەوێت بە دووربن لە مەترسییەکانی شێرپەنجەی کۆڵۆن ئەم ڕێنمایانە جێبەجێ بکەن:

یەکەم- دوای تەمەنی ٤۰ بۆ ٤٥ ساڵ پشکنینی پێشوەختە بکەن بۆ شێرپەنجەی کۆڵۆن.

دووەم- ئەگەر تەمەنت گەشتووەتە ٤٥ ساڵ ئێمە خوازیارین تۆ دوربیت لە شێرپەنجەی کۆڵۆن و لە ڕێگای پشکنین و چارەسەرەکانەوە ئەتوانی ڕێگگری بکەی لە توشبوونت بە نەخۆشیەکە تا لە قۆناغی پێشووەختە کاری تەواوت بۆ ئەنجام بدرێت و دەستنیشانی تەواوی حاڵەتەکانت بۆ بکرێت.

سێیەم- پێنج ساڵ بۆ ۱۰ ساڵ جارێک پێویستە هەناوبینی کۆڵۆن ئەنجام بدەیت.

چوارەم- ئەگەر کەسێکی نزیکت لە بنەماڵە و کەس و کارت لە خوار تەمەنی ۷٥ ساڵەوە توشی شێرپەنجەی کۆڵۆن بووە ئەوا ڕێنمایت دەکەین کە پێشووەختە هەناوبینی کۆڵۆن ئەنجام بدەیت.

پێنجەم- خۆتان بەدوور بگرن لە شێرپەنجەی کۆڵۆن و ژیانێکی تەندروست بژین، خواردەمەنی تەندرووست بخۆن، دووربە لە جگەرە کێشان، ماددە کحولییەکان بەکارمەهێنن و هەناوبینی کۆڵۆن ئەنجام بدەن.


AM:11:20:06/03/2024