کەشناسی هەرێم: بارانبارین دەستپێدەکات

ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕەوشی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەمڕۆ و سبەی ئەگەرى بارینی نمە باران هەیە، بەڵام لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان کەمێک زیاتر دەبێت". 

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ ئاسمان لە زۆربەى کاتەکان نیمچە هەور دەبێت، لە ناوچەی جیاجیا ئەگەرى بارینی نمە باران هەیە، بارانبارین لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان کەمێک زیاتر دەبێت، هاوکات خێرای با (١٠ – ٢٠)کم دەبێت و مەودای بینین (٨ – ١٠)کم دەبێت، پلەکانی گەرماش (١ تا ٢) پلە نزمدەبنەوە. 

ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، بەگشتی ئەگەری نمە باران لە کات و ناوچەی جیاجیا هەیە، لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاویەکان بارانی مامناوەند دەبارێت هەندێک کات تاوە باران کورت خایەن دەبێت، هەروەها خێرای با (١٥ – ٢٥)کم دەبێت و مەودای بینین (٧ – ٩) کم دەبێت، پلەکانی گەرماش نزمتردەبنەوە. 


AM:10:46:08/03/2024