کەشناسێک: دۆخێکی ناسەقامگیری کەشوهەوا هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە کە لە سبەینێوە دۆخێکی ناسەقامگیری کەشوهەوا هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما ١ تا ٣ پلە نزم دەبێتەوە و خێرایی با زیاد دەبێت.

ئەمڕۆ هەینی ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە" سبەی شەممە ٩ی ئازار لە ئەنجامی ھاتنی بارستە ھەوایەکی نوێی شێدار لە دەریای ناوەراست و تورکیاوە بۆ سەر ناوچەکانمان لە کاتەکانی نیوەرۆ بەدواوە دۆخێکی ناسەقامگیری کەشوھەوا کە خۆی دەبینێتەوە لە چالاکبوونی ھەورەبرووسکە و تاوەباران و ھەندێ شوێنیش تەرزە بارینی دەبێت".

ئاماژەی بەوەش داوە ئەم شەپۆلی بارانبارینە سەرەتا ناوچەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر دەگرێتەوە بە تایبەت ناوچە شاخاوییەکانی ھەردوو پارێزگاکە ئاستی دابارینیان زیاتر دەبێت بەرێژەی ٢٠ تا ٣٥ ملیممەتر و پاشان کاریگەریی ئەم ناسەقامگیرییە بەشێوەیەکی لاواز پەرەدەسەنێت بۆ ناوچەکانی ئیدارەی راپەرین، سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە لەم ناوچانەشدا ئەگەری تاوەباران و ھەورەبرووسکە دەبێت و رێژەی بارانی پێشبینیکراو لەم ناوچانەدا ٥ تا ٢٠ ملیممەترە، ھەرچی ناوچەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک و ئیدارەی گەرمیانە کاریگەریی لاوازتر دەبێت و ئەگەری بارانێکی کەم دەبێت بەرێژەی ١ تا ٥ ملم.

ئەو شارەزایەی کەشناسییە ئەوەشی خستووەتە روو"سبەی پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ بەرێژەی ١ تا ٣ پلە نزمدەبێتەوە و خێرایی باش لەسەرخۆ دەبێت و ھەندێک کات مامناوەند لە نێوان ١٠-٢٥کم/لە کاتژمێرێکدا ئاراستەی بای باکوور و باکووری خۆرئاوا دەبێت، کاریگەریی ئەم ناسەقامگیرییەش ناوبەناو تاوەکوو ئێوارەی دووسبەی یەکشەممە بەردەوامی دەبێت".

ئاراس جەبار راشیگەیاندووە" سبەی بۆ ناوچەکانی وڵاتی ئیمارات و سەڵتەنەی عومان رۆژێکی مەترسیدار دەبێت و پێشبینی دروستبوونی ھەوری سۆپەرسێل و رێژەیەکی زۆری باران و بارینی تەرزە بە قەبارەی گەورە دەکرێت کە ماوەی دوو رۆژیشە لە ئیمارات ئامادەکاری کراوە و زۆرێک ئۆتۆمبێلەکانیان داپۆشیوە، رێژەی ئەو بارانەی پێشبینی دەکرێت تەنھا لەسبەیدا بەتایبەت بۆ شاری ئەلعەین و دەورووبەری لە ئیمارات لەنێوان ١٥٠ بۆ ٢٠٠ ملم زیاترە کە ئەمەش رێژەیەکی زۆرە و مەترسی لافاوی گەورەی لێدەکرێت".


PM:03:55:08/03/2024