کەشوهەوایەکی گەرم کوردستان دەگرێتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو شەپۆلە سەرمایەی هەرێم و ناوچەکەی گرتۆتەوە کۆتایی دێت و پلەکانی گەرما هەڵدەکشێت.

کەشناسی لە راگەیاندنی ئەمڕۆیدا دوو شەممە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە ئەمڕۆوە کاریگەری بارانبارینەکان لەسەرجەم ناوچەکانمان کۆتای پێدێت و سبەی سێشەمەش پەیتا پەیتا بارستە ھەوایەکی گەرم و وشک لەباکوری ئەفریقاوە بڵاودەبێتەوە و ھەڵدەکشێت بەڕووی ناوچەکانی سعودیە و عێراق و وڵاتانی شام و ھەرێمی کوردستان و پلەکانی گەرما بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ئەبینێت.

کەشناسی ئەوەش دەخاتەڕوو کە لەرۆژی چوارشەمەوە کاریگەری ئەو بارستە ھەوایە زیاتر ئەبێت و پلەی گەرمی لەسەنتەری پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بۆ زیاتر لە ٢٠ و تا نزیک ٢٥ی پلەی سەدی بەرزدەبێتەوە لەناوچەکانی گەرمیانیش بۆ زیاتر لە ٢٥ پلە و تا نزیک ٢٨ پلەی سەدی کاریگەری ئەم گەرما بەھارییە تا سەرەتای ھەفتەی داھاتوو رۆژی شەمە ١٦ ی ئادار بەردەوامی ئەبێت کە بەدرێژای ئەو ماوەیە ئاسمانی ھەرێم زۆرینەی کاتەکان خۆرەتاو ئەبێت و ھەندێک کاتیش ھەوری بێبارانی تەنک و بەرز ئەبینرێ ، خێرای باش لەسەرخۆ ئەبێت .

کەشناسی بۆ سەرەتای هەفتە پێشبینی دەکات، لەئەنجامی کاریگەری ئەو نزمەپاڵەپەستۆ گەرمیە بۆ ناوچەکانی دەریای سوور و باکوری ئەفریقا سەرەتای ھەفتەی داھاتوو رۆژی شەمە بارستە ھەوایەکی زۆر شێدار لەدەریای سوورەوە پەرەدەسەنێت بۆ سەر ناوچەکانمان لەگەڵ کاریگەری بارستە ھەوایەکی ساردی چینەکانی سەرەوەی بەرگەھەوا کۆدەبێتەوە و جۆرێک لەناسەقامگیری بەرگەھەواو و پشێوی لە کەش و ھەوا لەسەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و باکوری سعودیە دروست ئەکات بەسەر زۆرێک لەناوچەکاندا کە بەچەند قۆناغێک تا ٢٠ی مانگ بەردەوامی ئەبێت و خۆی ئەبینێتەوە لە بارانی بەلێزمە و تاوە تەرزە و بارانی بەخوڕ و چالاکبوونی ھەورە بروسکەی توند کە لەھەندێ ناوچەشدا خێرایی بارانەکان و بەھێزیان بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی لێدەکەوێتەوە .

بۆ ماوەکانی دواتریش لەرۆژانی نەورۆز و دواتردا بارانبارینەکانی دەریای ناوەراست دەستپێدەکاتەوە لەناوچەکانمان لە ئاستی پێویستدا ئەبێت و ھەندێ ناوچەش زیاتر لە رێژەی ئاسایی بارانی ئەبێت.

 لەبارەی وردەکاری ئەم حاڵەتە ناسەقامگیری و شەپۆلانەی روودەکاتە ناوچەکانمان لەکاتی نزیکتر زانیاری گرنگ و زیاترم ئەبێت چوونکە ئەم باروودۆخانە ناجێگیرن لە ئێستاوە ناتوانرێت ھیچ جۆرە زانیاریەکی ورد و دەقیق لەبارەیەوە بدرێت. 



AM:11:49:11/03/2024