رۆژهەڵاتی کوردستان.. لە ئاکامی رووداوێکی هاتووچۆدا ٣ کەس گیانیان لەدەستدا

ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگای نێوان مهاباد- ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێڵی پراید ٣ کەس بوونە قوربانی.

ئێوارەی ئەمڕۆ ١٣ی ئازاری٢٠٢٤، لەسەر رێگەی نێوان مهاباد - ورمێ، لە نزیک گوندی لەج کە ٢٠ کیلۆمەتر لە مهابادەوە دوورە، بارهەڵگرێک کە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هەڵگرتبوو، خۆی بە دوو ئۆتۆمبێلی جۆری سایپا پرایددا کێشا و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا
 
لەمبارەوە بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی مهاباد دەڵێت"سێ کەس بەهۆی رووداوەکە دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا و تەرمەکانیان لەنێو ئۆتۆمبێلەکاندا گیر بووبوو".

ئاماژەی بەوەشداوە کە ئێستا تیمەکانی پۆلیسی هاتووچۆی مهاباد خەریکی لێکۆڵینەوەن بۆ دەرخستنی هۆکاری رووداوەکە، و دوای دەرهێنانی تەرمەکان رەوانەی دادپزیشکی مهاباد کران.
 
رێگەی نێوان مهاباد - ورمێ ١١٠ کیلۆمەترە و بەهۆی ئەو هاتووچۆ زۆرەی رۆژانە لێیەوە دەکرێت و یەکسایدی رێگەکەش ساڵانە بە دەیان رووداوی هاتووچۆ و وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلی لێی روودەدات.
 



AM:12:03:14/03/2024