کەشناسی هەرێم کاتی دەستپێکردنی بارانبارینی ڕاگەیاند

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕەوشی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەمڕۆ و سبەی باران دەبارێت و پله‌كانی گه‌رماش دادەبەزن". 

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت، بەڵام لە کاتەکانی دواینیوەڕۆ لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی هەرێم بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان نمە باران و بارانی مامناوەند دەبارێت، لە شەودا ڕێژەی دابارین لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی کەمێک زیاتر دەبێت و هەندێک کات لە کاتى باران هەورە تریشقەشى لەگەڵ دەبێت، هاوکات خێرای با (١٥ – ٢٥)کم دەبێت بە ئاڕاستەی باشووری خۆرهەڵات و مەودای بینین (٧ – ٩)کم دەبێت، پلەکانی گەرماش نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. 

ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ شەممە ئاسمان بەگشتی نیمچە هەور دەبێت لە هەندێک ناوچە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان ئەگەری کەمێک نمە باران هەیە، هەروەها خێرای با (١٠ – ٢٠)کم دەبێت و مەودای بینین (٨ – ١٠) کم دەبێت، پلەکانی گەرماش (یەک تا سێ) پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە. 


AM:10:46:15/03/2024