شه‌پۆلێكی به‌هێزی بارانبارین ڕوو لە هەرێم دەکات

شارەزایەکی بواری کەشوهەوا ڕایدەگەیەنێت" لە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری بارستەیەک ھەوای شێ بەرز کە بە تاوە باران و ھەورە بروسکەی ناوەند دەستپێدەکات". 

ئاراس جه‌بار شاره‌زای كه‌شناسی، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگه‌یاند" لە رۆژی دووشەممەوە ١٨ی ئازاری ٢٠٢٤ ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری بارستەیەک ھەوای شێ بەرز لە ئەنجامی چالاکبوونی نزمە پاڵەپەستۆیەکی بەھێز لە باکووری ئەفریقا و و دەریای سووری عەرەبییەوە، سەرەتای کاریگەرییەکانی رۆژی دووشەممە بە تاوەباران و ھەورە برووسکەی ناوەند دەستپێدەکات". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، پاشان لە رۆژی سێشەممەوە کاریگەری ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە قوڵ دەبێتەوە و دەبێتە ھۆی چالاکبوونی ھەورە برووسکەی توند و لێزمەباران لە سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و لە ھەندێ ناوچەش ھەوری سوپەرسێل دروستدەبێت و تەرزەی گەورە دەبارێت، له‌گه‌ڵ دروستبوونی لافاو لە شوێنی جیاجیادا. 

ئەوەشی خستەڕوو، بەگشتی ئەمە دووەم شەپۆلی بەھێزی وەرزی بارانی ئەمساڵە کە ناوچەکانمان دەگرێتەوە و تیایدا پێشبینیی بارانێکی زۆر دەکرێت کە بە جیاوازی ناوچەکان لە (٥٠ ملم تا ١٥٠) ملیممەتر زیاتر، چاوەڕوان دەکرێت کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆکە لە رۆژی چوارشەممەوە بەرەو لاوازبوون بچێت، بەڵام تاوە بارانی بەھارە و ھەورە برووسکە بەھۆی ئەو شێ زۆرەی دێتە ناوچەکەوە ناوبەناو تا ٢٥ی  ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، پلەکانی گەرماش لە ماوەی شەپۆلی پێشبینیکراودا بەگشتی کەمێک نزمدەبنەوە، بای باشوور لە رۆژی سێشەممە لە ماوەی چەقی شەپۆلەکەدا زۆربەی کاتەکان چالاک دەبێت لە نێوان (١٥ تا ٤٠)کم زیاتر لە کاتژمێرێکدا.


PM:06:10:16/03/2024