وتەبێژی قوباد تاڵەبانی: لە کابینەی نۆیەمدا وتەبێژمان نەبووە


وتەبێژی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی( ماوە بەسەرچوو ) رایگەیاند "ئەو کەسەی بەناوی وتەبێژی حکومەتەوە قسە دەکات، تەنها تەعبیر لە خۆی و تیمە وەزاریەکەیان دەکات."

ئەمشەو ٢٢ ی ئازار سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆک وەزیران لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت "لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا، کەسێکمان نەبووە و نییە کە وەک وتەبێژ، هەڵوێستەکانی تەعبیری لە سیاسەت و بۆچونەکانی تیمی وەزاری یەکێتی بکات، بەڵکو ئەو کەسەی بەناوی وتەبێژی حکومەتەوە قسە دەکات، تەنها تەعبیر لە خۆی و تیمە وەزاریەکەیان دەکات بۆیە ئەوەی وتوویەتی هیچ پەیوەندییەکی بە یەکێتییەوە نییە".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەشڵێت، "لەبری لێدوان و قسەو تۆمەت بەخشینەوە، واباشتر بوو بەهەموومانەوە هەوڵی چارەسەر کردنی گرفتەکان بدەین و مافی موچەخۆران دەستەبەر بکەین. هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکان بەبێ متمانە و پشتگیری خەڵکی کوردستان و تەنها بە دروشم ناپارێزرێت".

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمشەو لە راگەیەندراوێکدا بە ناڕاستەوخۆ هێرشی کردە سەر بافڵ تاڵەبانی وسەرکردەکانی یەکێتی و بە " خاکفرۆش " ناوزەدیکردن.




PM:11:47:22/03/2024