کەشناسی : باران بارینی بەلێزمە و هەورە تریشقە دەستپێدەکات

کەشناسی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا  کەشوهەوای ٤٨ کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکات کە باران بارینی بەلێزمە و هەورە تریشقە دەستپێدەکات و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوی کەشناسی هەرێم ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٤ کەشی ئاسمان کەش هەوردەبێت تا کاتەکانی نیوەڕۆ و ئەگەری بارانی کەم لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە، لە دوای نیوەڕۆ لە ئەنجامی کاریگەری دوو نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور و کەنداوی عەرەبی شەپۆلێکی باران بارین ڕوو لە ناوچەکەمان دەکاتەوە.

کاریگەری ئەم شەپۆلە سەرەتا لە ناوچەکانی باشووری هەرێم دەست پێدەکات، لە ئیدارەی گەرمیان و بەشێک لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و باشووری پارێزگای سلێمانی باران بارینی بەلێزمە و هەورە تریشقە دەبێت و باران بارینی بەبەراوورد لەگەڵ ناوچەکانی تر زیاتر دەبێت, بڕی باران بارینی پێشبینی کراو لەسنووری ئیدارەی گەرمیان لە نێوان ٣٥ملم تا٤٥ ملم دەبێت.

ئاماژەی بەوەشداوە کە کاریگەری ئەم شەپۆلە تا کاتەکانی بەرە بەیانی ڕۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت.

لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی ڕاپەڕین و سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ باران بارین کەمتر دەبێت، لە ناوچە سنوورییەکان و لووتکەی شاخە بەرزەکان بەفر دەبارێت، و پلەکانی گەرما  کەمێک نزم دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.

کەشناسی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو کە سبەی دووشەممە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٤ کەشی ئاسمان کاریگەری ئەم شەپۆلی باران بارینە بەردەوام دەبێت لە سەر ناوچەکەمان تا کاتەکانی بەرە بەیان، هەروەها لە ئەنجامی گاریگەری بارستە هەوایەکی سارد پلەکانی گەرما زیاتر نزم دەبێتەوە و ئەگەری تەزرە بارین لە کاتەکانی بەرەبەیان لە هەندێ ناوچە هەیە. لە دوای نیوەڕۆ باران بارین کۆتای دێت و کەش دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور. 

پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە بە ٢ تـــا ٥ پلە بە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ. 

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر : ١٥ 

سلێمانی :١٣

دهۆک : ١٥

 زاخۆ : ١٥

هەڵەبجە : ١٤

کەرکوک : ١٧

سۆران : ١٢

حاجی ئۆمەران : ٤

گەرمیان : ١٨



AM:11:32:24/03/2024