ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران تاوتوێ دەکات

پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ چوارشەممە ٢٧ی ئازاری ٢٠٢٤ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەستیپێکرد و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش پرسی مووچەی فەرمانبەران تاوتوێ دەکرێت. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی دەستیپێکرد و ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی کۆبوونەوەکەش گفتوگۆ لەبارەی مووچەی مانگی (شووباتی) فه‌رمانبه‌ران ده‌کرێت و چاوەڕوان دەکرێت بڕیار لەسەر وادەی دابەشکردنی مووچە بدرێت و لیستی مووچەی فەرمانبەران بڵاوبکرێتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، دوای دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات، بڕیارە ڕاستەوخۆ له‌ دوای جه‌ژنی قوربان حكومه‌تی فیدراڵ مووچه‌ی مانگی (ئازار) ره‌وانه‌ی هەرێم بکات و ده‌ستبه‌جێ له‌ هه‌رێمی كوردستانیش ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی ده‌كرێت.

هەروەها هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران ئەم تەوەرانەش تاوتوێ دەکرێن: 

- بابەتی بڕیار و رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق تایبەت بە راکێشانی کاش بە دۆلار و دەرکردنی بڕیار بۆ میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەو بڕیار و رێنماییانە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستانەوە.

- خستنەڕووی کۆنووسی لیژنەی تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕگەی سێیەمی مادەی ١٣ی یاسای چاکسازی کە تایبەتە بە پابەندکردنی وەزارەتی دارایی کوردستان بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەکان.

- خستنەڕووی نووسراوی سەرۆکایەتی دیوانی پەرلەمانی کوردستان ژمارە ١٠٧ی ٢١-١٢-٢٠٢٣ تایبەت بە خانەنشینی لە رۆشنیایی بڕیاری ژمارە ٢٢٦ی ئەنجوومەنی وەزیران لە ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٣ کە بە نووسراوی ژمارە ١٤٩ لە ١٤-١-٢٠٢٤ی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاڕاستەی سکرتارییەتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە.
 
هەرچەندە وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە (٦٠٠) ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی شوبات ڕەوانەی هەرێم کردووە، بەڵام تائێستا وادەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران کە زیاتر لە (٥٠) رۆژە نەدراوە دیارینەکراوە و حکومەت بە بیانووی نە ناردنی مووچەی دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەکان ئەو بڕە پارەیەی بۆ مووچە خەرجنەکردووە.


PM:12:11:27/03/2024