وەزیری خوێندنی باڵا له‌ (100) ڕۆژدا چی کردووه‌؟

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د.یوسف گۆران كاروپلانەكانی لە ماوەی (100)ی ڕۆژەی دەست بەكاروبونی بۆ دەزگاو دامەزراوەكانی ڕاگەیاندن ئاشكرا كرد.

لەو كۆنگرە ڕۆژنامەیەدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە، (15/10/2014) لە هۆڵی ڤیدیۆ كۆنفرانسی دیوانی وەزارەت بەڕێوەچوو، د.یوسف گۆران لەسەرەتای قسەكانیدا ئاماژەی بەدۆخی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردو ڕایگەیاند: كابینەی هەشتەم لە دۆخێكدا دروست بوو كە هەڕەشەی تێرۆستان و قەیرانی دارایی ڕوبەڕوی هەرێمی كوردستان بو بوەوە، بۆیە ئەو دۆخە تایبەتە كاریگەری كردە سەر پلان و پڕۆژەكانی حكومەت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حكومەت توانیویەتی ئیدارەی قەیرانە ئابوری و سەربازییەكان بدات.

وەزیری خوێندنی باڵا لەگەڵ ئاماژەكردن بەو دۆخە تایبەتەی هەرێمی كوردستان ئەوەشی ڕاگەیاند: كە لەماوەی (100) ڕۆژەی دەست بەكاربونی لە وەزارەت توانیویەتی كۆمەڵێك كاری گرنگە بكات، لەوانە: گەڕانەوەی ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ وەزارەت. وتیشی "ئامانج لە گەڕانەوەی ئەو پڕۆژەی یاسایە بۆ ئەوەیە تا بتوانین بەدیدێكی نوێ‌ و گونجاو لەگەڵ پێداویستیەكانی گەشەپێدانی خوێندنی باڵا سەرلەنوێ‌ ئەو پڕۆژەیە دابڕێژینەوە. ڕاشیگەیاند: پڕۆژەی یاسا نوێیەكە دەبێت زامنی دەستەبەری ئازادی ئەكادیمی و زانستیی و كارگێڕی دارایی زانكۆكان بكات و زەمینە بۆ گەشەپێدانی توێژینەوەی زانستی و بەرزكردنەوەی كوالیتی خوێندن و داهێنان بڕخسێنێت. 
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ووتی: پڕۆژەی ڕیزبەندی نیشتیمانی بۆ زانكۆكانی هەرێمی كوردستان یەكێكی دیكەیە لە كارەكانمان، مەبەستیش لەو پڕۆژەیە هەڵسەنگاندنی زانستیانەی زانكۆكانی هەرێمی كوردستانە لەبەر ڕۆشنایی پێوەرە زانستی و ئەكادیمییە نێودەوڵەتیەكان، د.یوسف گۆران ڕونكردنەوەی زیاتری لەسەر پڕۆژەكەدا ووتی: لەم پڕۆسەیەدا پێشبڕكێ‌ لە نێوان زانكۆكانی هەرێمی كوردستان ڕێك دەخرێت و ساڵانە زانكۆ و حكومی و تایبەتیەكان هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكرێ‌ ئەوەش بەپێیی پێورە زانستیەكان ڕیزبەند دەكرێن، پڕۆسەكە هانی پێشبڕكێ‌ و بەرزكردنەوەی كوالیتی دەدات لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی.
وەزیری خوێندنی باڵا ئاشكراشی كرد پڕۆژەكە چەندین تەوەر لە خۆدەگرێت، لە ئێستادا دەستی پێكردوەو، پێوەرە زانستیەكان دیاریكراوەو لە قۆناغی دروستكردنی سیستمێكی ئەلكترۆنی پێشكەوتووین تا بەپێیی ستانداردی جیهانی پڕۆسەی پێشبركێ‌ و ڕیزبەندی ڕێكبخرێت.
یەكێكی دیكە لە كارەكانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی  وەك لە كۆنگرە ڕۆژنامەیەكەدا ئاماژەی پێدا، بریتیە لە دامەزراندنی لێژنەی باڵای توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران باسی ئەو ئەنجومەنەی كردو وتی: كار دەكات بۆ هاندان و گەشەپێدان و كاراكردنی چالاكی توێژینەوەی زانستیی لە بواری پسپۆڕی جیادا، ئەوەش لەبەر ڕۆشنایی پێداویستیە زانستی و تەكنەلۆژی و ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەك هەوڵ دەدات بۆ بەكارهێنانی بەرهەمەكانی توێژینەوەی زانستیی بۆ گەشەپێدانی هەمەلایەنەی هەرێمی كوردستان، ڕاشگەیاند: ئەنجومەنەكە بەرپرس دەبێت لە داڕشتنی ستراتیژی گشتی توێژینەوەی زانستی و دەستنیشانكردنی ئەو پرسانەی كە لەسەر ئاستی نیشتیمانی پێویستیان بەتوێژینەوە و لێكۆڵینەوەی زانستی هەیە.

د.یوسف گۆران ڕاگەیاند: دامەزراندنی بەڕێوەبەرێتی زانست و تەكنەلۆژیا لە دیوانی وەزارەت یەكێكی دیكە بوە لە كارەكانمان لەماوەی دەستبەكاربونمان، ڕونیشیكردەوە ئامانج لە دامەزراندنی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە بریتیە لە هاندان و چاودێریكردن و كاراكردنی پڕۆسەی گەشەپێدانی زانست و تەكنەلۆژیا لە هەرێمی كوردستان. 

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەشێكی دیكەی كۆنگرە ڕۆژنامەیەكەی تەرخان كرد بۆ كارەكانیان لە بواری پێداچونەوە و پەرەپێدان بەپڕۆگرامەكانی خوێندن لە ناوەندەكانی خوێندن، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند" لە ڕێگەی پڕۆژەیەكەوە كە تایبەتە بە هەڵسەنگاندن و پێداچونەوە بە ناوەڕۆكی پڕۆگرامەكانی خوێندن لەسەرجەم ناوەندەكانی خوێندنی باڵادا كارەكانمان دەست پێكردوە، لەوەشدا ڕەچاوی ستانداردە نێودەولەَتییەكان و پێداویستیەكانی بازاری كاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەكەین و ئاوێتەی پڕۆگرامەكانی خوێندن دەكەین، لەگەڵ مەشق و ڕاهێنانی پراكتیكی بەپێیی پێداویستیەكانی بازاری كار، ئەوەشی ڕونكردنەوە لەم پێداچونەوەیە دەسەڵات شۆڕ دەكرێتەوە بۆ زانكۆ و كۆلێژەكان تا خۆیان گۆڕانكارییەكان بكەن.
 وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئەوەشی ڕونكردەوە كە بایەخێكی ئیجگار زۆر بەزمانی دەستەبەركردنی مەعریفە دەدەن لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، چونكە خاڵی پێشكەوتنی زانكۆكان بریتیە لە فێربونی زمانی دووەم، بۆ ئەوەش هەوڵی زۆرمانداوە لەگەڵ سەنتەرەكانی زمان گفتوگۆمان كردوەو گەیشتوینەتە ڕێكەوتن بۆ ئەوەی زمانی ئینگلیزی بكەینە زمانی دەستەبەركردنی مەعریفە، ئەوەش سودی دەبێت بۆ پێشكەوتنی ئاستی خوێندن و پەرەپێدانی توێژینەوە لە زانكۆكانی كوردستان. د.یوسف گۆران ئەوەشی ئاشكرا كرد كە هەموو ئەو پڕۆژانە لە چوارچێوەی نەخشە ڕێگەیەكدا كۆدەكەنەوەو لە بڵاوكرداوەیەكدا بەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكاندا بڵاوی دەكەنەوە.

سەبارەت بەبڕیارە گرنگەكانیشی كە لە ماوەی (100) ڕۆژەی دەست بەكاربونی داویەتی، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاند: لەم ماوەیەدا بڕیارماندا بەكردنەوەی ئۆفیسی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە شاری كەركوك، مەبەستیش لە كردنەوەی ئەو ئۆفیسە بریتیە لە كارئاسانی بۆ خوێندكارانی كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم، بۆ ئەوەی بتوانین لە نزیكەوە هاریكاری و ڕێنوێنیان بكەین، بەوەش دەتوانین باشترو لە نزیكەوە كێشەی خوێندكارانی ئەو سنورە چارسەر بكەین.

هەر بۆ هاندان و پشتیوانیكردن لە خوێندكارانی كەركوك بۆ خوێندنی ماستەر، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاند: ئەمساڵ توانیمان (115) كورسی خوێندنی ماستەر لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بۆ پێشكەشكارانی شاری كەركوك دابین بكەین، لە قۆناغی دوەمیشدا لە هەوڵداین ژمارەیەك خوێندكار/ قوتابی دیكە بۆ خوێندنی باڵا ماستەر لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان وەربگرین.

د.یوسف گۆران ووتی: كەس و كاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان كە پێگەیەكی گەورەیان هەیە لە كوردستان، بۆ هاندانیان و ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندنی زیاتر بۆیان، بڕیارماندا بەبەخشینی (5) پێنچ نمرە بەمەبەستی پێشبڕكێی پێشكەشكردن بۆ خوێندنی ماستەر لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، هەروەك لە نێو خۆیاندا كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان لە نێو خۆیاندا پێشبڕكێ‌ دەكەن. ئەوەش بەرچاوكردنی پێوەرە زانستیەكانەو بەهیچ شێوەیەكیش كارگەری لەسەر دابەزینی كوالیتی خوێندن نابێت.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاند: لەگەڵ دەستبەكاربونمان بڕیارماندا كە ئەو دەسەڵاتانەی یاساو ڕێنماییەكان ڕێگەیان پێدەدات لە وەزیرەوە بدەینە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بۆ مەبەستی ڕەخساندنی زەمینەی ئازادی زانستیی و كارگێڕی و دارایی بۆ زانكۆكان، هەروەك هەوڵیش دەدەین لە پڕۆژەی یاساكەدا جێگەی بكەینەوە.

سەبارەت بە خوێندكار/ قوتابیە ئاوارەكان كە ڕویان لە هەرێمی كوردستان كردوە, د.یوسف گۆران ڕاگەیاند: لە ماوەی ڕابردودا ژمارەیەكی زۆری خوێندكار چ ئەوانەی خەڵكی كوردستان بون و لە زانكۆكانی موسڵ و تكریت و زانكۆكانی دیكە دەیانخوێند، چ ئەوانەی خەڵكی ئەو ناوچانە بون و ڕویان لە هەرێمی كوردستان كرد ئێمە هەوڵماندا هاریكاریان بكەین، بۆ ئەو مەبەستەش ئۆفیسێكی زانكۆی موصڵمان لە زانكۆی دهۆك كردەوە، هەروەك ئۆفیسێكی زانكۆی تكریت-یشمان لە زانكۆی سەڵاحەددین كردەوە و لە خولی یەكەمیشدا نزیكەی (7,000) هەزار خوێندكار/ قوتابی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان تاقیكردنەوەیان كردوە و وەزارەت كارەئاسانی بۆ كردون و پێداویستیەكانی بۆ دابینكردون، بەهەمان شێوە بۆ خوێندكارانی خوێندنی باڵا (ماستەر، دكتۆرا) كارئاسانی تەواومان بۆ كردون.

وەزیری خوێندنی باڵا لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە ڕۆژنامەیەكەیدا باسی خوێندنی تایبەتی كردو بۆ ئەوەش راِگەیاند: خوێندنی تایبەت پێویستە كوالیتی بەهێز بكرێ‌، بۆیە وەزارەتەكەمان كاری جدی دەكات بۆ چاودێریكردن و بەرزكردنەوەی كوالیتی خوێندن و فێركردن لە زانكۆ تایبەتەكان.
پەیوەست بەوەرگرتنی خوێندكاران/ قوتابیان لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان، د.یوسف گۆران ڕاگەیاند: ئەمساڵ نزیكەی (51) هەزار خوێندنیان تەواو كردوەو، ژمارەكیش ساڵی پار ماوەتەوە، بۆیە هەوڵ دەدەین بەرچاوكردنی خواستی خوێندكاران و توانای زانكۆكان زۆرترین ژمارەی خوێندكار/ قوتابی لە زانكۆ و پەیمانگەكان بۆ ساڵی خوێندنی (2014-2015) وەربگرین، ڕونیشی كردەوە پڕۆسەی پێشكەشكردنی داواكاری بۆ زانكۆكانی هەرێم هەر بەشێوازی ئەلكترۆنی زانكۆ لاین دەبێت. وتیشی" ژمارەی زانكۆ حكومیەكان (13) زانكۆیە، لەگەڵ (15) زانكۆی تایبەت و (2) پەیمانگەی تایبەت, د.یوسف گۆران ئاشكراشی كرد كە بۆ ئەمساڵی خوێندن (32)بەشی تازە لە زانكۆ حكومیەكان كراوەتەوە، لەگەڵ (28) بەشی تازە لە زانكۆ تایبەتیەكان".

سەبارەت بەخوێندنی باڵا (ماستەر) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاند: پڕۆسەی خوێندنی ماستەر لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2014-2015) بەسەركەوتوی بەڕێوەچوە، كە تێیدا (1297) كورسی بۆ خوێندنی باڵا (ماستەر) ڕاگەیاندرا، لەگەڵ (171) كورسی خوێندن بۆ دبلۆمی باڵا، ئەوەشی ڕاگەیاند: هەفتەی داهاتو ئەنجامی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی خوێندنی باڵا (ماستەر) ڕادەگەێندرێ‌.

بۆ دامەزراندنی خوێندكارە یەكەمەكانی زانكۆكانیش، د.یوسف گۆران ڕاگەیاند: دامەزراندن لە مانگی (3) و لە كابینەی حەوتەم ڕاگیراوە، ئەوەش بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی كە ڕوی لە هەرێمی كوردستان كردوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە هەوڵەكانمان بەردەوامین و نوسراومان بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەرزكردۆتەوە بۆ دامەزراندنیان.

هەر لەو كۆنگرە ڕۆژنامەیەداو لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێراندا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بە كێشەی تواناسازی كردو ڕاگەیاند: قەیرانی دارایی بەهەمان شێوە كاریگەری كردۆتە سەر بەرنامەی تواناسازی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیمان تاڕادەیەكی زۆر موستەحەقاتی دارایی كاندیدەكان دابین بكەین و لە ڕۆژانی داهاتوشدا لیستێكی نوێ‌ ڕادەگەێنین، بۆیە تا كێشەی دارایی كاندیدەكان چارەسەر نەكەین و دۆخی ئابوری هەرێمی كوردستان ئاسایی نەبێتەوە ناتوانین خولێكی نوێی توانسازی ڕابگەێنین.

سەبارەت بەكردنەوەی بەشی پزیشكی لە زانكۆی كوردستان-هەولێر، د.یوسف گۆران ڕاگەیاند: ئەو زانكۆیە بەیاسایەكی تایبەت لە پاڕلەمان دامەزراوە و جۆرێك لەسەربەخۆی هەیە لە كردنەوەی بەش، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە داواكاری و نیگەرانیەكانی خوێندكاران/ قوتابیانمان گەیاندۆتە ئەنجومەنی وەزیران.



PM:04:05:15/10/2014