سەڵاحەدین بەهائەدین: جەنگی ناوچەی و هەرێمی لە لێدانەوە نزیکە

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت" مووچەی مووچەخۆران لە نێوان مەرامە سیاسیەكاندا بووەتە قوربانی، زەنگی جەنگی ناوچەی و هەرێمی لە لێدانەوە نزیكە". 

سەلاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە بۆنەی ساڵیادی کۆڕەوی گەلی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" هەموو دامەزراوە شەرعیەکان لە مەترسی هەڵوەشاندنەوەدان، بژێوی و گوزەرانی خەڵک لەوپەڕی خراپیدایە، موچەی موچەخۆران لە نێوان مەرامە سیاسیەکاندا بووەتە قوربانی، زەنگی جەنگی ناوچەیی و هەرێمی لە لێدانەوە نزیکە، بێمتمانەیی و ناتەبایی زاڵ بووە بەسەر پەیوەندی حزبەکان و بازاڕیان و هاوڵاتیاندا بەگشتی، کێشە کۆمەڵایەتیەکان لەپەرەسەندندایە".

دەشڵێت" دەسەڵاتی کاربەڕێکەریش بێمنەتانە چاوی بڕیوەتە خواستە حزبی و شەخسیەکانی خۆیان و حسابێک بۆ ئەم حاڵەتە مەترسیدارە ناکات، ئیستحقاقی هەڵبژاردن کەوتوەتە مەترسی ڕێگریەوە، سەرباری ئەوەش خەریکی تۆمەت بەخشینەوە و بازنەی ناحەزفراوانکردنن، ئازان لە تۆراندنی دۆست و زۆرکردنی ناحەزدا، کاران لە قوفڵکردنی چارەسەر و قەیران زۆرکردندا". 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، گەلێک خاوەنی ڕاپەڕین و کۆڕە و بێت، خاوەنی ئەم هەموو سەروەتە مرۆیی و سروشتی و مێژووە شکۆدارەبێت بێ هیوا نابێت، دەتوانێ ئەم قۆناغەش بەڕێ بکات.


PM:09:01:31/03/2024