مانگی ڕابردوو (٩١) کۆڵبەر لە ئێران کوژران و برینداربوون

ڕێکخراوی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت" لە ماوەی مانگی ڕابردوو لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٩١ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و برینداربوون". 

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مارسی ٢٠٢٤دا، لانیکەم ٩١ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندارکراون کە ٦٦٪ لە سەرجەم ئەو حاڵەتانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوونەتە قوربانی، ئەو ئامارەش بەراورد بە مانگی فێبریوەری ٢٤ حاڵەت واتا ٣٦٪ زیاتربووە.

هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، ١٣ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و ٧٨ کۆڵبەریش بریندارکراون، لەو ماوەیەدا لانیکەم منداڵێکی کۆڵبەری خەڵکی دیواندەرە بە ناوی هەستیار عەبدولکەریمی بەهۆی ڕەقبوونەوە گیانی لەدەستداوە و ٥ منداڵی کۆڵبەریش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوورەکانی بانە، نەوسوود، سەقز و مەریوان بریندارکراون.

ئەوەشی خستەڕوو، کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران زیاتر لە سنوورەکانی پارێزگای سنە تۆمارکراون.


PM:12:06:02/04/2024