بەتەمەنترین پیاوی جیهان کۆچی دوایی کرد

خوان ڤیسێنتی پێرێز مۆرای خەڵکی ڤەنزوێلا کە دوو ساڵ پێش ئێستا وەک بە تەمەنترین پیاوی جیهان ناوی لە کتێبی گینسدا تۆمارکرا، ئەمڕۆ چوارشەممە لە تەمەنی (١١٤) ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادۆرۆ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نوسیویەتی" خوان ڤیسێنتی پێرێز مۆرا لە تەمەنی (١١٤) ساڵیدا کۆچی دوایی کرد". 

بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، کتێبی گینس بە فەرمی نازناوی پێرێز مۆرای وەک بەتەمەنترین پیاوی جیهان لە ڕۆژی ٤ی شوباتی ٢٠٢٢ پشتڕاستکردووەتەوە، کاتێک تەمەنی (١١٢) ساڵ بووە.

خوان ڤیسێنتی مانگی ئایاری ساڵی (١٩٠٩) لە شارۆچکەی ئێل کۆبرێ لە ویلایەتی تاچیرا لە ئەندێس لە دایکبووە، نۆیەم منداڵی خێزانەکەی بووە، لە تەمەنی پێنج ساڵیدا لەگەڵ باوک و براکانی لە بواری کشتوکاڵیدا دەستی بە کارکردن کردووە کە کاری دروێنەکردنی قەیسی شەکر و دانەوێڵەی قاوەی ئەنجامداوە، هەروەها باوکی (١١) منداڵ بووە. 


PM:01:20:03/04/2024