دوای رووداوەکانی ئەمشەوی گوڵەخانە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەو ڕوداوەی ئەمشەو هەوڵێک بوو بۆ لەکەدارکردنی ناو و ناوبانگی ئێمە".
دوای شەڕوئاڵۆزی نێوان محەممەدی حاجی مەحموود و عەبدوڵای برای، ئەمڕۆ پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت" بەداخەوە ئەو ڕوداوەی ئەمشەو هەوڵێک بوو بۆ لەکەدارکردنی ناو و ناوبانگی ئێمە و داوێکبوو کە زۆر هەوڵماندا خۆمانی لێلابدەین، بەڵام پەلکێشی ئەو بارودۆخەیان کردین، بەئامانجی بەرزکردنەوەی ناوبانگی خۆیان لەسەر حسابی ڕژانی خوێنی گەنجانی جوانمەردی وڵاتەکەمان".
لە راگەیەنراوەکەدا وتیشاین" شەهیدبوونی گەنجێکی جوانخاس زۆر نیگەران و داخداری کردین".
دوای کۆتاییهاتنی کارەکانی کۆنگرەی هەشتەمی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و دوور خستنەوەی عەبدوڵای حاجی مەحموود لە حزب، ئاڵۆزی و شەڕە تەقە لە نێوان چەکدارانی محەممەدی حاجی مەحموود و عەبدووڵڵای حاجی مەحموود دروست بوو، و بووە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی ٤ کەسی دیکە.