لە ئێران دوو بەندکراو لە سێدارەدران

سزای لە سێدارەدانی دوو بەندکراوی خەڵکی شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شاری ئەلشتەری سەر بە پارێزگای لوڕستان، لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە جێبەجێکرا.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە" سزای سێدارەی بەندکراوێکی تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی کرماشان بە ناوی عەلی محەممەد ئەحمەدی، لە بەندیخانەی ناوەندی کرماشان (دیزڵ‌ ئاوا) جێبەجێ کراوە". 

ئاماژەی بەوەشکردوو، ئەو هاووڵاتییە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی یەکێک لە ​​خزمەکانی خۆی دەستگیرکرابوو، دواتر لەلایەن دەزگای دادوەری ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە. 

هەروەها هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" حەسەن‌ عەلی میرزانیا تەمەن ٣٠ ساڵ بێ مافی دوایین چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لە بەندیخانەی ناوەندی خوڕەمئاوا (پارسیلۆن) لە سێدارەدراوە". 

ئەوەشی خستەڕوو، حەسەن‌ عەلی میرزانیا سێ ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست"ی دوو برا دەستگیرکرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. 


AM:08:45:09/04/2024