گالانت بۆ ئێران: دوژمن هەرگیز نازانێت چ سوپرایزێکمان بۆی داناوە

وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە وەڵامی هەرەشەکانی ئێراندا هەڕەشەی تووند دەکات و دەڵێت " وەڵامێکی بەهێز دەدەینەوە بۆ هەموو هێرشێک، دوژمن هەرگیز نازانێت چ سوپرایزێکمان بۆی داناوە".

یۆئاف گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە وەڵامی هەرەشەکانی ئێراندا دەڵێت" هەر هێرشێک بۆ سەر ئەم وڵاتە بە ڕێوشوێنی بەرگری توند ڕووبەڕووی دەبێتەوە و وەڵامێکی بەهێز لە خاکی هێرشبەرەکەدا دەدرێتەوە".

بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی " تایمز ئۆف ئیسڕائیل" ئەو قسانەی گالانت وەڵامێک بوو بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین جار هەڕەشەیان لەم وڵاتە کردووە بە هێرشی تۆڵەسەندنەوە.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە شوێنی یەکێک لە بەرگرییە دژە فڕۆکەییەکانی "ئەهنینن دۆم" بە سەربازانی ئەم وڵاتەی ڕاگەیاند" لەم شەڕەدا لە زیاتر لە بەرەیەکەوە هێرش دەکرێتە سەرمان... لە ئاراستەی جیاوازەوە، هەر دوژمنێک بیەوێت هێرش بکاتە سەرمان، پێش هەموو شتێک ڕووبەڕووی بەرگرییەکی سەخت دەبێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرکەسێک هێرش بکاتە سەر خاکەکەمان، گرنگ نییە لە کوێ بێت، ئێمە لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاردانەوەمان دەبێت،"ئێمە ئەو توانایەمان هەیە"، و هەروەها دەڵێت" یەکێک لەو شتانەی کە لەم ساڵانەدا لێی سەرکەوتوو بووین ئەوەیە کە دوژمن هەرگیز نازانێت چ سوپرایزێکمان بۆی داناوە".

لە بەرامبەردا ئەمڕۆ عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی بۆ یەکەمجار دوای شەڕی عێراق و ئێران بە چەکەوە دەرکەوت و لە وتارێکدا لە نوێژی جەژندا رایگەیاند" هێرش بۆسەر کۆنسوڵگەری، هێرش بۆسەر خاکی ئەو وڵاتەیە، ئیسرائیل سزا دەدرێت".

ئه م هەڕەشەی ئێران پاش ئه و هێرشه دێت که ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانه ی کۆماری ئیسلامی له دیمەشق ئەنجامی دا و لە ئاکامدا ٧ فه ڕمانده ی باڵای سپای قودسی پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی له نێویاندا محەمەد رەزا زاهیدی فه ڕمانده ی سپای قودس لە سوریا و لوبنان کوژران.

تا ئێستا ئیسرائیل بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕانەگەیاندووە.




PM:10:12:10/04/2024