٨٢ رێکخراوی مافی مرۆڤ بۆ ئێران: لەسێدارەدانەکانی پەیوەست بە ماددەی هۆشبەر بووەستێنە

٨٢  ڕێکخراو و دامەزراوەی کورد و ئێرانی و نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا داوا لە نوسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن مەرجی بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکانی پەیوەست بە ماددەی هۆشبەر بێت لەو وڵاتەدا.

ڕێکخراوی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و هەنگاو و ٨٠ ڕێکخراو و دامەزراوەی مافی مرۆڤی ئێرانی و نێودەوڵەتی دیکە ڕۆژی چوار لە بەیاننامەیەکدا داوای ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکانیان کردووە کە پێوەندیدارن بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران، هەروەها داوایان لە نوسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکان (UNODC) کرد ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکان لە ئێران بکاتە مەرجێک بۆ بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.

ئەم ڕێکخراوانە لە بەیاننامەکەیاندا ڕایانگەیاندووە " ئەگەر ئێمە باجی سیاسیانەی ئەم لەسێدارەدانانە لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا بەرز نەکەینەوە، ئەوا ترسی ئەوە هەیە لە چەند مانگی داهاتوودا سەدان کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لەسێدارە بدرێن".

ڕێکخراوەکان داواشیان لە سەرجەم دامودەزگاکان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ و چالاکوانانی سیاسی کردووە بەشداری لە هەڵمەتێکی تایبەتی جیهانیدا بکەن بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکانەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە " لەسێدارەدانی تۆمەتبارانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کاردانەوەی نێودەوڵەتیی گونجاوی لێنەکەوتووەتەوە و لەسێدارەدانەکان لە بێدەنگی میدیا و ڕۆژنامەکاندا تێدەپەڕێت و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی لەسێدارەدانی تۆمەتبارانی پەیوەست بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکانەوە لە ئێران، ١٨ هێندە زیاد بکات بە بەراورد لەگەڵ سێ ساڵی ڕابردوودا، بەبێ ئەوەی باجێکی ئەوتۆی سیاسی لەسەر بدات."

لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە دەکرێتەوە کە "لەسێدارەدانەکان یان کوشتنی بە ئەنقەست لەلایەن حکومەتەوە، گرنگترین ئامڕازی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ چاندن و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگە بە مەبەستی پاراستنی دەسەڵات و دەشڵێت دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی، کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی خێراتر کردووە و لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٨٣٤ کەسی لە سێدارە داوە."

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە " ئەو کەسانەی بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستگیرکراون، زیاتر لە نیوەی لەسێدارەدانەکانی( ٤٧١ کەس) ساڵی ٢٠٢٣ پێکدەهێنن کە زۆربەیان لە چینە بێبەش و پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگەی ئێرانن و بەتایبەتیش ئاماری لەسێدارەدانی کورد و بەلووچەکان زۆر بەرزترە بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانیان لە ئێران."

واژۆکارانی بەیاننامەکە ڕایانگەیاندووە" کە تۆمەتبارانی تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانانەی کە لەژێر ئەشکەنجەدا لێیان وەرگیراوە، لەلایەن دادگاکانی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و زۆرجاریش لە مافی هەبوونی پارێزەری خۆیان بێبەش کراون."

بەیاننامەکە ئاماژە بەوە دەکات " نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و تاوان کە هاوکارە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکاندا، نەک هەر کاردانەوەیەکی بەرامبەر بە زیادبوونی بەرچاوی لەسێدارەدانەکانی پەیوەست بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان نیشان نەداوە، بەڵکو لە ساڵی ڕابردوودا ڕێککەوتنێکی نوێی هاوکاری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران واژۆ کردووە و واژۆکارانی بەیاننامەکە دەڵێن ئەم هاوکارییە جگە لە ڕەواییدان بە لەسێدارەدانەکانی حکومەت، لەڕێگەی هاوکارییە داراییەکانەوە، دەبێتە هۆی لەسێدارەدانی زیاتر لەو وڵاتەدا".

هەندێک لە ڕێکخراوەکانی بەیاننامەکەیان واژوو کردووە بریتین لە:  ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، کۆمیتەی نێودەوڵەتی دژ بە لەسێدارەدانەکان، هەڵمەتی جیهانیی نەخێر بۆ لەسێدارەدان لە ئێران، ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، ناوەندی بەڵگەنامەی مافی مرۆڤی ئێران، ڕێکخراوی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕێکخراوی کوردپا، هەنگاو، کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران و ڕێکخراوی ئیتیحاد بۆ ئێران بەشێکن لە واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە.



AM:09:23:11/04/2024