ئەمریکا ١١ درۆنی حوسییەکانی تێکشکاند

شەوی ڕابردوو لە دەریایی سوور ١١ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان تێکشکێنرا، کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانەوە ئاڕاستەی کەشتییەکانی ئەمریکا کرابوون.

فەرماندەی ناوەندی ئەمریکی (سێنتکۆم)  و حوسییەکانی یەمەن دوو ڕاگەیاندراوی جیایان لە بارەی پێکدادانەکانی نێوانیان لە شەوی ڕابردوودا بڵاوکردەوە.

فەرماندەی ناوەندی ئەمریکی (سێنتکۆم) بڵاوی کردەوە" شەوی ڕابردوو لە دەریایی سوور ١١ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانمان تێکشکاند، کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانەوە ئاڕاستەی کەشتییەکانمان کرابوو".

حوسییەکانیش ئاماژەیان بەوەدا، شەوی ڕابردوو هێرشمان کردە سەر دوو کەشتی ئەمریکا و هاوپەیمانان، کە یەکێکیان کەشتییەکی سەربازی بوو.

دوای ٧ی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، و پاش سەرهەڵدانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، حوسییەكانی یەمەن پشتیوانی خۆیان بۆ حەماس دووپات كردەوە و ڕایانگەیاند، لە دەریایی سوور هەر كەشتییەكی ئیسرائیل یان وڵاتانی دیكە بەرەو ئیسرائیل بچێت دەیكەنە ئامانج.


PM:01:03:11/04/2024