لە ئێران خانمە هونەرمەندێک دەستگیرکرا

ئاتنا فەرەقدانی هونەرمەند و چالاکی سیاسی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە تاران دەستگیرکرا و بۆ بەندیخانەی قەرچەکی شاریڕەی گواسترایەوە.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئاتنا فرقدانی هونەرمەند و چالاکوانی مافی منداڵانی دانیشتووی تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا. 

محەمەد موقیمی پارێزەری ئاتنا فەرقدانی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی" ئاتنا بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە دەستگیرکردنی بڕیاری بارمتەدانانی قبوڵ نەکردووە و لە ئاکامدا بۆ بەندیخانەی شاری ڕەی (قەرچەک) گواستراوەتەوە". 

ئاتنا فەرقدانی ساڵی ڕابردووش دوای بانگکردنی بۆ لقی لێپرسینەوەی خانەی دادی ناوچەی ٣٣ی تاران دەستگیرکرابوو. 

ئاتێنا فەرقدانی ساڵی ١٩٨٧ لە دایکبووە، هونەرمەند و چالاکی سیاسی ئێرانە، ساڵی ٢٠١٤ بۆ ماوەی سێ مانگ لە زیندانی ئەڤینی تاران بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی "پڕوپاگەندە و سوکایەتیکردن بە ئەندامانی پەرلەمان و سوکایەتیکردن بە ڕێبەری باڵای ئێران" زیندانیکرا و لە مانگی نۆڤەمبەردا ئازاد کرا.


AM:12:04:15/04/2024