داوای ڕاگرتنی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دەکرێت

ناوەندێکی ستراتیژی عێراقی ڕایدەگەیەنێت کە هەشت ملیۆن ئۆتۆمبێل لە عێراقدا هەن و داوا دەکات هاوردەکردن ڕابگیرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، فازڵ غەراوی، سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند" ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ ٢٠٢٣دا ڕێژەی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل ١.٩٪ زیادیکردووە واتە ئۆتۆمبێلێک بۆ هەر ٥.٥٥ هاووڵاتییەک".

وتیشی" هەشت ملیۆن ئۆتۆمبێل لە عێراقدا هەیە و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەی ئۆتۆمبێل بگاتە ١٠ ملیۆن کە ئەوەش گوشار لەسەر ژێرخانی ڕێگەوبان و پردەکان دروست دەکات''.

غەراوی ڕاشیگەیاند" زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێل کاریگەریی لەسەر ژینگە و زیادبوونی دوانەئۆکسیدی کاربۆن و ڕووداوەکانی هاتووچۆ دەبێت.

داواشی لە حکومەت کرد ڕێکاری بەپەلە بگرێتەبەر بۆ ڕاگرتنی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لە پێنج ساڵی داهاتوودا.



PM:12:53:18/04/2024