ئێران داوا دەکات ئیسرائیل ناچار بکرێت ھێرش نەکاتە سەر بەرژەوەندییەکانمان

لە نوێترین پەرەسەندنەکانی ناکۆکی نێوان ئێران و ئیسرائیل، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند" پێویستە ئیسرائیل ناچار بکرێت هێرش نەکاتە سەر بەرژەوەندیەکانمان".

ئەمیر حسێن عەبدوڵڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی پێشکەشکردنی وتارێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند" لە ئەگەری ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی و پێشێلکردنی سەروەریەکەی، ئەوا دوودڵ نابن لە وەڵامدانەوەی توندی ئیسرائیل و بە جۆرێک وەڵامیان دەدەنەوە کە تەلئەبیب پەشیمان بێتەوە لە ھێرشەکەی".

لە درێژەی قسەکانیدا وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت" بەرگریکردن لە خۆیان یاساییە و بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان بووە و ھێرشەکەشیان بۆ سەر دوو بنکەی سەربازی ئیسرائیل بوو کە بۆ ھێرشکردنە سەر بەرژەوەندیەکانی ئێران بەکاردەھێنران".

هەروەها وتیشی" چاوەڕێی دەرفەتێک بوین نەتەوەیەکگرتووەکان رێگری لە ئاڵۆزییەکان بکات، بەڵام نەیتوانی ئەو جۆرە ھێرشانە رابگرێت".

ئەو قسانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە ناوچەکەو جیهان چاوەڕێی گورزێکی نوێی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات کە هیچ ناوەند پێشبینی بە ئاکامی هەڵکشانی ئەو ناکۆکیانەوە ناکات کە تا کوێ دەگات. 




PM:11:49:18/04/2024