ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەقی سەرەکی پرۆژە یاسای مەهسا پەسەند دەکات

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەقی سەرەکی پرۆژە "یاسای مەهسا"( ژینا ئەمینی کە بەم ناوە لەسەر ئاستی جیهانی ناسراوە) و پرۆژەیەکی دیکەی دژ بە کۆماری ئیسلامی، پەسەند کرد.

ئەم پاکێجە ڕۆژی شەممە لە ژێر ناوی "یاسای ئاشتی لە ڕێگەی دەسەڵات لە سەدەی بیست و یەک" بە ٣٦٠ دەنگی بەڵێ و ٥٨ دەنگی نەخێر پەسەند کرا، هەروەها چەندین سزای دژ بە کۆماری ئیسلامی لەخۆدەگرێت کە لە نێویاندا (یاسای مەهسا)یە. 

پرۆژە یاسای مەهسا بە ئامانجی سزادانی عەلی خامنەیی و ئیبراهیم ڕەئیسی بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی ناڕازییان لە ئێران پێشنیار کرا.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی پیران پاکێجەکە پەسەند بکات و ڕەوانەی کۆشکی سپی بکات بۆ ئەوەی جۆ بایدن واژۆی لەسەر بکات.

جۆ بایدن کردەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە پەسەندکردنی ئەم پاکێجەی بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ناوبرد و داوای لە ئەنجومەنی پیران کرد دەستبەجێ ئەم پاکێجە پەسەند بکات و بینێرێتە سەر مێزەکەی لە کۆشکی سپی بۆ واژۆی کۆتایی.

لەمبارەیەوە لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی( ئیکس)نووسیویەتی" پەسەندکردنی ئەم پاکێجە بەرژەوەندییە سەرەکییە ئەمنییەکانی ئەمریکا بەرەوپێش دەبات".

دەقی سەرەکی  پرۆژە (یاسای مەهسا) دوای سەرکوتکردنی بزووتنەوەی سەرتاسەری گەلی ئێران لە دژی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٤٠١ هەتاوی لەدوای کوشتنی ژینا ئەمینی( مەهسا) بەدەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کۆکرایەوە. ئەم پرۆژە لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٣ بە دەنگی زۆرینەی یەکلاکەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند کرا، بەڵام هێشتا لە ئەنجومەنی پیران دەنگی لەسەر نەدراوە.

پرۆژە یاسای مەهسا لە دەقی سەرەکی خۆیدا داوا لە سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەکات کە لە ماوەی سێ مانگدا بە سزاکانی سەر عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیدا بچێتەوە و یان ئەو سزایانە بەسەریدا بسەپێنێت، یان لە مەجلیسدا ڕوونی بکاتەوە کە بۆچی ڕێبەرەکە لە کۆماری ئیسلامیدا نابێت سزا بدرێت.

لەم پلانەدا کە ڕۆژی شەممە ١ی ئایار لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەند کرا، سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەموو ساڵێک ڕاپۆرتێک بۆ کۆنگرێس دەدات کە ئایا ئەم بەرپرسانە دەبێ لە ژێر گەمارۆکانی ئێستادا بمێننەوە یان نا. ئەمەش ئەرکەکە زۆر قورستر دەکات بۆ حکومەتەکانی ئێستا و داهاتوو کە تاکلایەنە سزاکان هەڵبگرن.





PM:12:15:21/04/2024