وادەی کۆتاییهاتنی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ڕاگەیەندرا

شارەزایەکی بواری کەشناسی لەبارەی گۆڕانکاریەکانی کەشوھەوا بۆ رۆژانی داھاتوو دەڵێت" لە ئەمشەوەوە شەپۆلی بارانبارین کۆتایی دێت و پلەکانی گەرماش ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشوهەوا، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" سەرەتا حاڵەتی ناجێگیری کەش کە ماوەی دوو رۆژە بە ھەورە بروسکە و تاوە بارانی ھەرەمەکی کاریگەری ھەبووە لەسەر بەشێک ناوچەکانمان لە کاتەکانی ئەمشەو کۆتای پێدێت و کەش سەقامگیر دەبێتەوە بۆ ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان ئاسمانی ھەرێم بە زۆری ساماڵ و پەڵە ھەوری کەم دەبێت و پلەکانی گەرماش ٢ تا ٣ پلە بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت و لە رۆژانی دواتر زیاتر بەرزدەبێتەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بای باکوری رۆژھەڵات لە سبەی شەو بەدواوە لە ناوچەکانی رۆژھەڵاتی ھەرێم و بە تایبەت سنوری پارێزگای سلێمانی و ناوچە شاخاوییەکان چالاک دەبێت و تا کۆتای ئەم ھەفتەیە ئەو بایە لەو ناوچانەدا بە چالاکی دەمێنێتەوە بەخێرای ١٥ تا ھەندێک بۆ زیاتر لە ٣٥ کم لە کاتژمێرێکدا. 

ئاراس جەبار ئەوەشی خستەڕوو، لە رۆژی ھەینیەوە ٢٦ی نیسان ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری بارستە ھەوای گەرم و وشک کە لە باکوری ئەفریقاوە فراوان دەبێت بەرەو ناوچەکە و بەھۆیەوە پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو پێشبینی دەکرێت بەرزببێتەوە و ھاوینێکی کاتی دەستپێدەکات و کاریگەری ئەو شەپۆلە گەرمایە تا ٢٩ی ئەم مانگە دەخایەنێت کە لەو ماوەیەدا بەرزترین پلەی گەرمی لە سەنتەری پارێزگاکانی ھەرێم سلێمانی و دھۆک و ھەولێر و ھەڵەبجە پێشبینی دەکرێت بگاتە نێوان ٣٥ بۆ ٣٧ پلە و لە کەرکوک ٣٧ بۆ ٣٩ پلە و لە ناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان نێوان ٣٩ بۆ ٤١ پلە. 

دەشڵێت" تا کۆتای مانگ پێشبینی بارانبارین ناکرێت و کەشی ناوچەکە لە ژێر کۆنترۆڵی ھەوای وشک و گەرمدا دەبێت، لە کۆتایەکانی مانگ بۆ سەرەتاکانی مانگی داھاتوو ئەگەر ھەیە بارانبارینەکان دەستپێبکاتەوە و پلەکانی گەرما نزمبوونەوە بەخۆیەوە ببینێتەوە".


AM:12:02:22/04/2024