قوباد تاڵەبانی داوای جێبەجێکردنی یاسای دەستکەوتنی زانیاری دەکات


لە یادی ١٢٦ ساڵەی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردیدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی (ماوە بۆ درێژکراو) داوا دەکات یاسای دەستکەوتنی زانیاری کە لەپەرلەمانی کوردستان لە ٢٠١٣ دا دەرچووە جێبەجێبکات.

لەو پەیامەدا کە ئەمڕۆ دوو شەممە بڵاوکرایەوە هاتووە" داواکارم هەم ئێمەی لە دەسەڵات و لایەنە سیاسییەکان و هەم خودی کەناڵەکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان بە دیدێکی رەخنەگرانەوە دۆخی ئێستای رۆژنامەگەریی کوردی هەڵبسەنگێنین".

دەقی پەیامەکە

رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و یادی ١٢٦ ساڵەی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی لە هەموو رۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان پیرۆزبێت.

لەم یادەدا و لە بڕوای تەواومەوە بە ئازادی رۆژنامەوانی و سەرجەم ئازادییەکانی تر، داواکارم هەم ئێمەی لە دەسەڵات و لایەنە سیاسییەکان و هەم خودی کەناڵەکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان بە دیدێکی رەخنەگرانەوە دۆخی ئێستای رۆژنامەگەریی کوردی هەڵبسەنگێنین.
 ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسییە کێشە و کەموکوڕییەکانی بەردەم ئازادی کاری رۆژنامەگەری چارەسەر بکات، یاساکانی کاری رۆژنامەگەری و مافی دەستخستنی زانیاری وەک خۆی جێبەجێ بکات و گۆڕانکاری لە شێوازی مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ رۆژنامەنووساندا بکات.

لە بەرامبەریشدا کەناڵەکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسانیش لەرێگەی پەرەپێدان بە توانا پیشەییەکانی خۆیان و پابەندبوونیان بە بەها باڵاکانی رۆژنامەگەری، ئاستی متمانە بە کاری رۆژنامەگەری لەناو کۆمەڵگادا بەرز بکەنەوە.

لەسەرمانە بە چاوی رێزەوە سەیری پیشە و ئەرکی رۆژنامەگەری بکەین و پارێزەری ئازادی کاری رۆژنامەگەری بین.

دووبارە پیرۆزبێت یادی رۆژنامەگەریی کوردی



PM:12:15:22/04/2024