زانیاری نوێ لەسەر کەمبوونەوەی بەشە خۆراکی مانگانەی هاوڵاتییان ڕاگەیەندرا

نوێنەری وەزارەتی بازرگانی ھەرێم لە بەغداد ڕایدەگەیەنێت" ئەمساڵ دابەشکردنی بەشە خۆراک باشترە لە ساڵی ڕابردوو کۆگاکانیش پڕن لە خۆراک بۆ دابەشکردن". 

حسێن سەبری نوێنەری وەزارەتی بازرگانی ھەرێم لە بەغداد، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە" ئەو زانیاریانەی لە ھەندێ دەزگای ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا لەبارەی کەمکردنەوەی بەشە خۆراکی مانگانە بڵاودەکرێنەوە ھیچ بنەمایەکی نیە و بە ھیچ شێوەیەک بەشە خۆراکی مانگانە کەمنەکراوەتەوە، بەڵام لەگەڵ سەبەتەی خۆراکی مانگی ڕەمەزان ساڵانە ھەندێ ماددە زیاد دەکرێت یان بڕەکەی زیاد دەکرێت ھاوڵاتیانیش دەزانن ھەموو ڕەمەزانێک سوودمەندن لەو خۆراکەی زیاددەکرێت". 

وتیشی" دوای تەواوبوونی مانگی ڕەمەزان ئەو خۆراکەی زیاد دەکرێت بۆ مانگەکانی دوای ڕەمەزان دەبڕدرێت و تەنیا بۆ مانگی ڕەمەزانە، بۆ نمونە باس لە بابەتی برنج دەکرێت کەمنەکراوەتەوە، بەڵام ئەو نیو کیلۆیەی بۆ مانگی ڕەمەزان زیادکراوە بۆ مانگەکانی دیکە نادرێت". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بە پێچەوانەوە ئەمساڵ ڕەوشی دابەشکردنی خۆراک زۆر باشترە لە ساڵی ڕابردوو، چونکە ساڵی ڕابردوو تا ئەم کاتە تەنیا دوو بەشە ئارد دابەشکرابوو، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا سێ بەشە خۆراک دابەشکراوە، ھاوڵاتیان دڵنیا دەکەنەوە کە ھیچ کێشەیەک و کەمبوونەوەیەک لە بەشە خۆراکی مانگانەدا نیە و کۆگان پڕن لە بەشە خۆراکی مانگانە بۆ دابەشکردن. 


PM:07:43:22/04/2024