لە ئێران هونەرمەندێکی کورد سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا

هونەرمەند سامان یاسین خەڵکی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای پێنج ساڵ زیندانیکردن و بڕیاری دوورخستنەوەی بۆ پارێزگای کرمان بەسەردا سەپێندرا. 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاندووە" سامان یاسین هونەرمەندی کورد و یەکێک لە دەستگیرکراوانی بزووتنەوەی شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی) لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تارانەوە سزای پێنج ساڵ زیندانیکردن و دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی شاری بابەک سەر بە پارێزگای کرمانی بەسەردا سەپێندراوە". 

سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، گۆرانیبێژ و ڕاپەڕی خەڵکی کرماشان دانیشتووی شاری تاران، ڕۆژی ٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ بەهۆی پشتیوانیکردنی لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ماڵەکەی خۆی دەستگیرکرا. 

سامان یاسین چەندین گۆرانی کوردی لەسەر دۆخی بێکاری، زوڵم و زۆرەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوکردووەتەوە، هەروەها لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام بە بڵاوکردنەوەی چەندین پۆست و ستۆری پشتیوانی خۆی لە شۆڕش و سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕیووە. 


PM:11:22:22/04/2024