وێنە.. هونەرمەندێکی ناسراوی کورد کۆچی دوایی کرد

ئەمڕۆ سێشەممە هونەرمەندی میوزیکژەنی ناسراوی هەولێر جەمال هیدایەت، بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.

ئەمڕۆ ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٤ جەمال هیدایەت هونەرمەندی میوزیکژەنی ناسراوی شاری هەولێر، بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد. 

جەمال هیدایەت عەبدوڵڵا ساڵی ١٩٣١ لە شاری هەولێر لە دایکبووە، یەکەمین عودژەن بووە لە شاری هەولێر، ساڵی ١٩٥٢ لە ژێر دەستی دوو مامۆستای بە ئەزموون فێری موزیک و ئامێری عود بووە کە یەکێکیان فەڵەستینی بووە ئەوەی دیکەیان میسری.

جەمال هیدایەت دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدادە لە ١٩٥٥، ساڵی ١٩٥٨ بۆ ١٩٥٩ یەکەم گرووپی مۆسیقی لە هەولێر بە ناوی تیپی مۆسیقای دەرسیم دامەزراندووە، ساڵی ١٩٥٩ بۆ ١٩٧٠ وەک ژەنیاری عود بەشداری لە هەموو ئاهەنگ و ڤیستیڤاڵە هونەرییەکانی هەولێر کردووە و ئەندامی دامەزرێنەری تیپی هونەری هەولێر بووە و بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ سەرۆکی دەستەی کارگێڕی بووە.

ساڵی ١٩٧٥ ئەندامی دامەزرێنەری سەندیکای هونەرمەندانی هەولێر بووە، ساڵی ١٩٩٧ سەرۆکی دەستەی کارگێڕی ئۆرکسترای کوردستان بووە، بۆ چەند ساڵێکیش سەرپەرشتیاری پەروەردەی سروود و مۆسیقای قوتابخانەکانی سەرەتایی بووە. 


PM:12:56:23/04/2024