ئۆپۆزسیۆن بە توندی دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە


هەر یەک لە نەوەی نوێ و کۆمەڵی ئیسلامی ئەو هەوڵانە رەتدەکەنەوە کە لە ئارادایە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لە دوو راگەیاندنی جیاوازدا نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری، ئەمرۆ سێ شەممە ئەو هەوڵانە رەتدەکەنەوە کە وەک باسی دەکەن لەلایەن پارتی و یەکێتی یەوە لە ئارادیەو لە گفتوگۆدان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی هەرێم.

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند" پارتی و یەکێتی لەگەڵ هەندێک لایەنی دیکەی هەرێم لە گفتوگۆدان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان، ئەم کارە ئەوپەڕی ترسنۆکی ئەو دوو لایەنەی دەسەڵات دەردەخات و ترسێکی روون و ئاشکرایە لە هەڵبژاردن".

نەوەی نوێ دەشڵێن"لێرەوە بە هەموو لایەکی رادەگەیەنین کە نەوەی نوێ دژی هەر هەوڵێکە تایبەت بە دواخستنی هەڵبژاردن و پێمان وایە هەر لایەنێک بە داواکاری پارتی رازی بێت ئەوا پاشکۆیی و بێ دەسەڵاتی خۆی دەسەلمێنێت و ئەوپەڕی ترسە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن".
بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

لەلایەکی ترەوە کۆمەڵی دادگەری لە راگەیەندراوێکدا کە لە مەکتەبی هەڵبژاردنیانەوە بڵێ‌ویانکردۆتەوە دەڵێن" هیچ بیانوویەک نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە ٢٠٢٤/٦/١٠ ئەنجام بدرێت".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن هەڵبژاردن بە تاکە ڕێگای دەستاو دەستکردنی دەسەڵات دەزانن، بۆیە پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بەو وادەیەوە پابەند بن کە بڕیاری لێدراوە.

بڕیارە ١٠ ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، پارتی دیموکراتی کوردستان سوورە لەسەر بایکۆتکردنی هەڵبژاردن ئەمەش کێشەی بۆ ئەنجامدانی دروستکردووە.



PM:04:53:23/04/2024