کۆمسیۆن: هیچ بڕیارێک بۆ دواخستنی بانگەشەی هەڵبژاردن نییە

وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند" هیچ بڕیارێک بۆ دواخستنی بانگەشەی هەڵبژاردن نییە و لەوادەی خۆیدا دەستپێدەکات".

بڕیارە ڕۆژی ١٠ی ئایار بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێبکات، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەو بارەیەوە ڕایگەیاند" کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن، لە کاتی خۆیدا بانگەشە دەستپێدەکات کە مانگێک پێش ڕۆژی دەنگدانە و لە ١٠ی ئایار دەستپێدەکات".

ئاماژەی بەوەکرد، ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە ١٠ی حوزەیران بەردەوامن، زیاتر لە ٨٠٠ کاندید بەشداردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردساتان، ناوەکان دەنێردرێت بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆئەوەی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.

وتیشی" چوار بازنە هەیە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە دهۆک، هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە، زیاتر لە ١٠٠ ناوەندی دەنگدان، ١٢٠٠ بنکەی دەنگدان و ٦٠٠٠ وێستگە هەیە".

لەبارەی تەرخانکردنی بودجە بۆ بەڕێوەچوونی دەنگدان ڕایگەیاند" محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرامی عێراق وەزارەتی دارایی ڕاسپاردووە بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و کۆمسیۆن ٦٩ ملیۆن دیناری وەرگرتووە، میکانیزمی تەواو گیراوەتەبەر بۆئەوەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی گونجاو بەڕێوەبچێت".

جەختی لەوەشکردەوە" هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دواناخرێت، قۆناغێکی باشمان بڕیوە و بودجەی پێویستیشمان تەرخانکردووە، بۆئەوەی لە کاتی خۆیدا پڕۆسەکە بە شێوەیەکی یاسایی بەڕێوەبچێت، لە ڕۆژی ١٠ی حوزەیران ناوەندەکانی دەنگدان دەکرێنەوە".


PM:12:26:25/04/2024