توركیا: ئێران دەبێت شەرم بكات‌و بێدەنگ بێت


توركیا لەوەڵامی وتەكانی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران كە وتبووی توركیا هەوڵ بۆ زیندوكردنەوە ئێمپراتۆری نوێی عوسمانی دەدات، باڵوێزی ئەو وڵاتەی لەئەنكەرە بانگهێشت كرد.

حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمرۆ شەممە وتبووی "زۆرجار هۆشداری ئەوەمان بە ئەمەریكا‌و وڵاتی دۆستمان توركیا دابوو كە ئێمە لەگەڵ ئەوان سەبارەت بە سوریا ناكۆكیمان هەیە. ئەمە خەڵكی سوریان دەبێت بڕیار لەسەر مانەوەی ئەسەد بدەن نەك كەسانی دیكە".

لەبەرامبەردا تانگۆ بیلگیج، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاند ئەنكەرە بەهۆی رەخنەگرتنی تاران لەسیاسەتەكانی ئەو وڵاتە لەمەڕ سوریا، باڵوێزی ئێرانی بانگهێشت كردوە.

هەواڵنێری ئەناتۆلی لەزاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاند "توركیا وتەكانی بەرپرسانی ئێران دەربارەی كۆبانی‌و تراژدیای مرۆیی لەناوچەكە مەحكوم دەكات‌و داوا لەئێران دەكات بەسەڕشۆڕییەوە لەمبارەوە بێدەنگ بێت، چونكە ئێران یەكێك لەلایەنگرانی رژیمی سوریە بووە كە بووەتە هۆی دروستبوونی تیرۆریزم لەناوچەكەدا".

جێگەی ئاماژەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەردەوام ئێران بەوە تۆمەتبار دەكەن كە لەكوشتاری زیاتر لە 200 هەزار كەس لەخەڵكی ئەو وڵاتە دەستی هەبووە.



PM:04:41:18/10/2014