باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق: داوا لە عێراق دەکەم لێکۆڵینەوەی تەواو لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بکەن

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، داوا لە بەرپرسانی عێراق دەکات  لێکۆڵینەوەی تەواو لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بکەن و تاوانباران بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن.

ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیوێتی"   بەتوندی ئیدانەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەین کە بووە هۆی زیانگەیاندن بە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان و چەندین قوربانی لێکەوتەوە".

هەروەها دەڵێت" داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین لێکۆڵینەوەی تەواوەتی بکەن لە و هێرشە و تاوانباران بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن".

رۆمانۆسکی دەڵێت" سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری ئەو کەسانە دەکەین کە لەو هێرشەدا گیانیان لەدەستدا".

شەوی رابردوو، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و بەو هۆیەوە چوار کرێکار گیانیان لەدەستدا و دوانی دیکەش برینداربوون کە سەرجەمیان بیانین، زیانێکی ماددی زۆریش بە کێڵگەکە گەیشت و بووەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم.



AM:09:08:27/04/2024