لە ئێران سێ بەندکراو لە سێدارەدران

لە بەندیخانەی ناوەندی تەبرێزی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای لە سێدارەدانی سێ بەندکراو جێبەجێکرا کە بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکرابوون. 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە" سزای سێدارەی سێ بەندکراو بە ناوەکانی (سوهراب حەکیم ئاباد، ئەمیر موحەڕەمی و داود نامیاری) لە بەندیخانەی ناوەندی شاری تەبرێز جێبەجێکران". 

هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" دووان لەو کەسانە سێ ساڵ پێش ئێستا دەستگیرکراون و دانەیەکیشیان دوو ساڵ پێش ئێستا، هەرسێکیان بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر گیراون و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو". 

بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوی هەنگاو، لە ماوەی مانگی رابردوودا ١٨ هاوڵاتی لە ئێران لە سێدارە دراون کە یەک حاڵەتیان بە تۆمەتی سیخوڕی و ١٠یان بەهۆی کوشتن بە ئەنقەست و حەوتیشیان بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە لەسێدارە دراون. 


PM:10:45:28/04/2024