بە فەرمی دان بە هەڵەی ناوبژیوانان لە یارییەکانی ڕیاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە نرا

 پێدەچێت مشتومڕی ناوبژیوانی لە خولی ئیسپانیا بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە ڕاپۆرتێکی میدیاییدا کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییەی نێوان لیژنەی ناوبژیوانان و ناوبژیوانانی خولی ئیسپانی ئاشکرا کرد، کە تێیدا دان بەوەدا نرا کە چەندین هەڵە لە حاڵەتەکانی ئۆفسایددا ڕوویانداوە .

 دیارترین دۆسیەی مشتومڕاوی لە یارییەکانی لالیگادا دوایین یاری کلاسیکۆی نێوان بەرشەلۆنە و ڕیال مەدرید بوو، لە تۆپێکی گۆڵدا لەلایەن لامین یامال، ئەستێرەی بەرشەلۆنە، کە بەخێرایی لەلایەن گۆڵپارێزی مێرێنگیەوە دەرهێنرایەوە، یاریزانەکانی بەرشەلۆنە داوای ئەوەیان کرد کە دەبێت بە گۆڵ هەژمار بکرێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی تۆپەکە هێڵی گۆڵی بڕیوە، بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ تەکنەلۆژیای VAR، ناوبژیوان ڕەتیکردەوە.

 ئەم دۆخە وایکرد کە بەیاننامەیەک لەلایەن یانەی بەرشەلۆنەوە دەربکرێت و هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ڕێوشوێنی بەهێز دەگرنەبەر بۆ ئەوەی یارییەکە دووبارە بکرێتەوە ئەگەر بڕیارەکەی ناوبژیوان هەڵە بێت.

 
 بەگوێرەی ئەوەی لەلایەن ڕادیۆی ئیسپانی "کۆپ"ەوە بڵاوکراوەتەوە، لیژنەی تەکنیکی ناوبژیوانان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ناوبژیوانانی سەرەکی و یاریدەدەری ناوبژیوانان، دانیان بەوەدا ناوە کە لە 4 یان 5 حاڵەتی ئۆفسایددا هەڵەیان ئەنجامداوە، لەکاتێکدا هێڵەکانیان کێشاوە.

 لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لیژنەی ناوبژیوانان، لە کۆبوونەوەی خۆیدا، ڕوونیکردووەتەوە، ئەو هەڵانە لەنێوان یارییەکانی لالیگا و پلە دوو ڕوویانداوە، بەهۆی کێشانی هەڵەی هێڵەکانی ئۆفسایدەوە.

 لای خۆیەوە ناوبژیوانی پێشووی ئیسپانیا، ماتیو لاهۆز، لێدوانی لەسەر ئەم ڕاپۆرتە داوە و دەڵێت: ئەگەر لە یارییەکانی خولی ئیسپانیادا 4 یان 5 هەڵەی لەم شێوەیە ڕووبدات، ئەمە بابەتێکی زۆر جدییە دەبێت کەسێک بۆمان دەربکەوێت و هەموو شتێک ڕوون بکاتەوە.

 جێگای سەرنجە لە ئێستادا ڕیال مەدرید بە کۆکردنەوەی 84 خاڵ پێشەنگی خولی ئیسپانیایە و جیرۆنا بە کۆکردنەوەی 71 خاڵ لە پلەی دووەمدایە، یانەی شاهانەش پێویستی بە شەش خاڵ هەیە بۆ ئەوەی بە فەرمی نازناوەکە بەدەستبهێنێت.


AM:11:51:29/04/2024