"لە هەوڵداین بۆ گێڕانەوەی کورسی پێکهاتەکان بۆ پەرلەمان"

وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەکەیدا بۆ بەغداد لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باسی گێڕانەوەی کورسی پێکهاتەکانی بۆ پەرلەمانی کوردستان کردووە". 

دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم، ئەمڕۆ دووشەممە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" بەلای هەموو لایەنەکانەوە گەرەنتی بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گرنگە، ئاراستەیەکی دروست هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە، دوای دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و لابردنی کورسی پێکهاتەکان، پێکهاتەکان لیستیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن پێشکەش نەکردووە، سەرۆکایەتی هەرێم لە هەوڵدایە ئەو مافەیان بۆ بگێڕدرێتەوە". 

دڵشاد شەهاب وتیشی" سەرۆکی هەرێم لەگەڵ هەموو دەسەڵاتە فیدراڵییەکان گفتووگۆی کرد، هەموویان تێگەیشتنیان هەیە و بە مافی پێکهاتەکانی دەزانن، نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەسەر هێڵە و پێشنیاریان بۆ چارەسەر هەیە و لە گفتووگۆداین لەسەر کۆی پرۆسەکە، ئومێدەوارین بگەینە چارەسەر". 

ڕوونیشیکردەوە، پەرلەمانی کوردستان کارا نییە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم نەماوە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، بۆیە پێویستیان بە هەماهەنگییە لەگەڵ لایەنەکان.

دڵشاد شەهاب دەشڵێت" هەمان ئاراستەمان هەیە و دەمانەوێت بۆ هەڵبژاردن ڕاوێژ لەگەڵ لایەنەکان بکەین، دەمانەوێت هەموو لایەنەکان بەشداربن و گەرەنتی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بکەین، ئەمە ئامانجی سەرۆکایەتی هەرێمە و چی پێویست بکات ئەنجامی دەدەین و ئاراستەکەشمان ڕێچکەی باشی وەرگرتووە". 

ئەو وتیشی" سەرۆکایەتی هەرێم هێڵی گەرمی پەیوەندی لەگەڵ لایەنەکان هەیە و بۆ هەر پرسێکی ناوخۆیی گفتووگۆ لەگەڵ لایەنەکان دەکەین. لایەن و دەسەڵاتە فیدراڵییەکانی عێراقیش بەدەنگەوە هاتنی باشیان بۆ سەردانەکەی سەرۆکی هەیە، سەردانەکە بۆ زامنکردنی مافە دەستوریی و یاسایی و داراییەکانی هەرێم گرنگە، گرنگیشە بۆ بەشداری کاریگەری هەرێم لە پرۆسەی سیاسی عێراق". 

ڕاشیگەیاند" مەبدەئی جێگیر لای لایەنە عێراقییەکان ئەوەیە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام بێت، هەندێک وردەکاری هونەری پەیوەندیدار بە مەسەلەی بە بانکیکردنی مووچە و بڕیاری دادگا هەن، دەبێت ئەم پرسانە لە نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا یەکلایی بکرێنەوە". 

هەروەها وتیشی" لە کاتێکدا سەرۆکی هەرێم ئێستا سەرقاڵی گفتووگۆیە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، وەفدێکی هونەری حکومەتی هەرێم بۆ وردەکارییەکان لە بەغدایە و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی دەکات بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم پرسەکان، چارەسەرکردنی پرسەکان ئاراستەیەکی دروستیان وەرگرتووە و لێکتێگەیشتنی باش هەن و چاوەڕوانی ئەنجامی ئەرێنی دەکەین". 


PM:09:03:29/04/2024