"دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت ئەستەمە"

لیژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری نەوتی عێراق دەربارەی جێگرەوەکانی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێی تورکیاوە گفتوگۆ دەکەن و ئەندامێکی لیژنەکەش دەڵێت" دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت ئەستەمە".

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، لیژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێی تورکیاوە میوانداری حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بکات.

بەهادین نوری، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز ڕایگەیاند" دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت ئەستەمە، چونکە تورکیا داوای سڕینەوەی ئەو پارانە دەکات کە لەسەری کەڵەکەبوون، ئەمە جگە لەوەی هەرێم داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکات شایستەی دارایی کۆمپانیاکانی نەوت بدات".

جەختیشیکردەوە کە بە هیچ شێوەیەک ناکرێت ئەو دوو خاڵە جێبەجێ بکرێن.

بەهادین نوری ڕاشیگەیاند" لیژنەی نەوت و غاز لەگەڵ وەزیری نەوتدا باس لە جێگرەوەکانی هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێی تورکا و ئەو زیانانە دەکات کە بە هۆی ڕاگرتنی نەوت لە ساڵی ڕابردووەوە لە عێراق کەوتووە".

بە پێی بڕیارەکەی دادگای نێوبژیوانی پاریس، دەبێت تورکیا بڕی ١.٥ ملیار دۆلار قەرەبوو بداتە عێراق لەبەرامبەر ئەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی بە بێ ڕەزامەندی حکومەتی فیدراڵی هەناردەکردووە.


AM:10:12:02/05/2024