بەهۆی هێرشێکی چەکدارییەوە لە بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان سەربازێک کوژرا

بەهۆی هێرشێکی چەکداری لە خاڵێکى سەربازی سنووری ناوچەى هەنگەژاڵى شارى بانەى رۆژهەڵاتى کوردستان سەربازێک کوژرا و دوانی دیکەش برینداربوون. 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە سنووری هەنگەژاڵی شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکدادانێکی چەکداری لە نێوان هێزەکانی پاسەوانی سنوور و هێزێکی نەناسراو ڕوویداوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا یەکێک لە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ناوی (فەرزین دلیان) خەڵکی کرماشان کوژراوە و دووی دیکەش بریندار بوون.

هەنگاو ئەوەشی خستەڕوو، دوای ئەو پێکدادانە چەکدارییە چەندین ئەمبوڵانس بۆ شوێنی ڕووداوەکە بەڕێکراون.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هێزە چەکدارەکانی ئێران لەو خاڵە سنوورییە ئازارێکی زۆری کۆڵبەرانیان داوە و دەیان کۆڵبەر لەو سنوورە لە مەودایەکی نزیک و بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە کوژراون.


PM:02:03:02/05/2024